بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، خشتەی فەرمیی چوونی حاجیانی هەرێمی كوردستانی بۆ وڵاتی سعودیە بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ بڵاوکردەوە. وتەبێژی حەج و عومرەش دەڵێت: سبەی گەشتەكان دەست پێ دەكەن.
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی بڵاوکراوەتەوە، گەشتەکان حاجیانی سەرجەم پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کاتەکانی بەڕێکەوتن بە جۆرێک ڕێکخراوە کە زۆرترین ئاسانکاری بۆ میوانانی خودا بکرێت.
ئەم ڕاگەیاندنە دوای تەواوبوونی سەرجەم ئامادەکارییە لۆجستی و کارگێڕییەکان دێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتییەکە کاری لەسەر کردووە بۆ ئەوەی پڕۆسەی گواستنەوەی حاجیان بەبێ گرفت بەڕێوە بچێت.
کاروان ستوونی، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئامادەکاریی تەواوەتی کراوە و سبەینێ یەکەم گەشت دەکرێت.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هەموو ساڵێک بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئەم خشتانەوە، حاجیان و کەسوکاریان لە کات و شوێنی گەشتەکان ئاگادار بکاتەوە تاوەکو بتوانن لە کاتی دیاریکراودا لە فڕۆکەخانەکان ئامادە بن و ڕێکارە یاساییەکان تەواو بکەن.



