هاتوچۆی سلێمانی هۆشدارییەکی “بەپەلە” دەداتە شۆفێران: مەترسیی خلیسکان لە ئارادایە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی بەپەلە ئاراستەی سەرجەم شۆفێران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی تێکەڵبوونی نمە بارانی ئێستا و ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، مەترسییەکی زۆری خلیسکان لەسەر شەقامەکان دروست بووە.
هاتوچۆی سلێمانی ڕوونی کردووەتەوە، کە تێکەڵبوونی باران لەگەڵ ئەو تۆز و خۆڵەی لە شەوی ڕابردووەوە نیشتووە، دەبێتە هۆی دروستبوونی چینێکی “لینج” لەسەر شەقامەکان، بەتایبەتی لە پێچەکاندا. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی لێکخشانی تایەکان و لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێل.
ڕاگەیاندنی هاتوچۆ جەخت دەکاتەوە، کە ئەم جۆرە نمە بارانە کە لەگەڵ خۆڵباریندایە، مەترسیدارترە لە بارانی وەرزەکانی زستان و بەهار، چونکە ئاستی خلیسکان تیایدا زۆر بەرزە.
بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە ڕووداوی نەخوازراو، هاتوچۆ داوا دەکات:
لە ناوەوە و دەرەوەی شارەکان بە وریاییەکی زۆرەوە شۆفێری بکەن.
پابەندی خێراییەک بن کە کەمتر بێت لە خێرایی یاسایی دیاریکراو.
مەودای سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبێلەکان بپارێزن.
