وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم لەبارەی دەرمانی قاچاخ و نرخی دەمان ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: نزیکەی 300 ملیار دیناری بۆ گیرفانی هاوڵاتییان گەڕاندووەتەوە و جەختیشدەكاتەوە، 73%ی نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەکرێن.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، تا رێژەی 98% دەرمانی بێ کوالێتی و قاچاخ لە بازاڕدا نەماوە و نرخی دەرمان بە ڕێژەی 17% دابەزێنراوە، کە ئەمەش نزیکەی 300 ملیار دیناری بۆ گیرفانی هاوڵاتییان گەڕاندووەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، لە ماوەی ئەم کابینەیەدا 31 نەخۆشخانە و 21 سەنتەری پسپۆڕی نوێ دروست کراون، لەگەڵ بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی تەندروستی و ڕێکخستنەوەی فریاکەوتنەکان.
وتیشی، “73%ی نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەکرێن و بۆ یەکەمجاریش 38 رێنمایی نوێ بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەرچوون و جیاکاری لە نێوان پزیشکانی کەرتی گشتی و تایبەت کراوە”.
د. سامان جەختیشی كردۆتەوە، هەرێمی کوردستان لە دەرمانی قاچاخ پاک کراوەتەوە و متمانەی هاووڵاتییان بۆ کەرتی تەندروستی گەڕاوەتەوە.
