لە کۆیە؛ تەنها لە یەک ڕۆژدا 14 حاڵەتی پێوەدان و گەستن تۆمار کران.
نەخۆشخانەی فێرکاری شەهید د. خالید لە قەزای کۆیە، ئاماری نائاسایی ڕۆژی هەینی، ڕێککەوتی 2026/05/01ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە حاڵەتەکانی پێوەدان و گەستنی زیندەوەران تۆمارکراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نەخۆشخانەکە، تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێردا 14 چارەخواز سەردانی بەشی فریاکەوتنیان کردووە کە بەم شێوەیە دابەشبوون:
پێوەدانی دووپشک: 11 حاڵەت.
گەستنی سەگ: 2 حاڵەت.
پێوەدان بە هۆکاری نەزانراو: 1 حاڵەت.
تیمی پزیشکیی نەخۆشخانەکە دووپاتیان کردەوە کە سەرجەم چارەخوازەکان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە. پرۆسەی چارەسەرکردنەکە بەپێی جۆری پێوەدانەکان بووە، لەوانە کوتانی دەرزی دژە هاری بۆ گەستنی سەگ و دەرزی دژە ژەهر بۆ پێوەدانی دووپشکەکان. دوای دڵنیابوونەوە لە جێگیربوونی دۆخی تەندروستییان، سەرجەمیان ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، چالاکیی زیندەوەرە ژەهراوییەکان وەک دووپشک و مار زیاد دەکات، هەر بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت لە کاتی چوونە دەرەوە و لە ناو ماڵەکانیشدا وریای خۆیان بن و لە کاتی هەر ڕووداوێکی لەو شێوەیەدا، بە زووترین کات سەردانی نزیکترین سەنتەری تەندروستی بکەن.
