پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا نیگەرانە لە ڕەوش و پێگەی كورد لە بەرامبەر بەغدا و دەڵێت: دوو بۆ سێ پارێزگایان بەدەستەوەیە نازانن بەڕێوەی ببەن.
د. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا لە فراكسیۆنی یەكگرتوو لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی، “ڕەوشی كورد زۆر خراپ و ناشرینە و زۆریش عەیبدارە لەڕووی دەستووری و یاساییەوە”.
وتیشی، “دوای ئەو هەموو قوربانی و دەیان هەزار شەهید و ئەنفال و كیمیارانە و دوای ئەو هەموو خەون و شیعر و شانامە خوێندنەوەیە بۆ دەوڵەتی كوردی و یەكگرتنەوەی پارچەكانی دیكەی كوردستان، هاتووینەتە سەر ئەوەی دوو بۆ سێ پارێزگامان بەدەستەوەیە نازانین بیبەین بەڕێوە”.
ڕاشیگەیاند، نە ئەتوانن ئەو چەند ملیۆن كەسە ببنە بەڕێوە و نە دادپەروەری و كەرامەتیان بۆ دابین بكەیت و نە شەفافیەت لە داهات و نە پارێزگاری كردن لە سامانی ئەم میللەتە و نەدڵخۆش كردنی نەوەكانی ئایندە.
ئاماژەی بەوەشدا، مامەڵەمان لەگەڵ عێراق بۆتە مامەڵەی حزبایەتی، كە هەر حزبەی چی بۆخۆی ببپچڕێت، كە هەندێك جار بە سەری بەرز و هەندێك جاریش بە كڕوزانەوە و خۆ بچووك كردنەوە.
دەشڵێت: ئەمە حاڵەتێكی زۆر خراپ و شەرمەزارییە و دەلیلی ئەوەیە كورد مەرجەعیەت و خاوەنی نییە.
