کەشناسی عێراق ئاماری بوومەلەرزەکانی مانگی نیسان بڵاودەکاتەوە؛ سلێمانی لە پلەی یەکەمدایە.
بەشی تۆماری بوومەلەرزە لە دەستەی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، ئاماری چالاکییە زەویەلەرزەکانی مانگی نیسانی ڕابردووی بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکان، لەو مانگەدا 36 بوومەلەرزە لە عێراق و دەوروبەری تۆمارکراون کە 16 دانەیان لە ناوخۆی وڵاتدا بوون.
عەلی عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری بەشەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە بوومەلەرزەکان بەم شێوەیە دابەشبوون:
ناوخۆی عێراق: 16 بوومەلەرزە.
ئێران و سنوورەکانی: 10 بوومەلەرزە (کرماشان، کوردستان، ئازەربایجان).
تورکیا و سنوورەکانی: 9 بوومەلەرزە (وان، شرناخ، هەکاری).
سووریا: 1 بوومەلەرزە (حەسەکە).
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزی بوومەلەرزەکان لە نێوان 1 بۆ 5 پلەی ڕێختەر بووە، و لە قوڵایی 5 بۆ 39 کیلۆمەتر لە ژێر زەویدا ڕوویان داوە.
بەپێی داتاکان، زۆرترین چالاکیی زەویەلەرزە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بەم شێوەیە:
پارێزگای سلێمانی: 8 بوومەلەرزە (ناوەندی شار، دووکان، پێنجوێن).
پارێزگای نەینەوا: 3 بوومەلەرزە.
پارێزگای دهۆک: 2 بوومەلەرزە (زاخۆ، ئاکرێ).
پارێزگای هەولێر: 2 بوومەلەرزە (ناوەندی شار، سۆران).
پارێزگای دیالە: 1 بوومەلەرزە (خانەقین).
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای عێراق هیچ چالاکییەکیان تێدا نەبووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی عێراق لەسەر پلێتی عەرەبی و پێکدادانی لەگەڵ پلێتەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵات. جەختیش کراوەتەوە کە هیچ کام لەو بوومەلەرزانە زیانی گیانییان لێ نەکەوتووە.
