شەپۆلێکی خۆڵبارین بەڕێوەیە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک پلەکانی گەرمی 2 بۆ 4 پلە دادەبەزن و كەش جارێكی دیكە سارد دەبێتەوە.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی چالاکی بای باشوو بۆ باشووری خۆرئاوا لە ناوچە بیابانییەکانی خۆرئاوای عێراقەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین دروست دەبێت و ئێوارەی ئەمڕۆ یەک شەممە خۆرئاوای عێراق و موسڵ و کەرکوک و تکریت و دەوروبەریان دەگرێتەوە و بەشێوەیەکی لاوازتر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ڕوونیشیكردەوە، لە ناوچەکانی کەرکوک و خۆرئاوای گەرمیان و باشووری گەرمیان مامناوەند دەبێت، هەندێک کاتی ئەمشەو خۆڵبارینەکە چڕ دەبێت بۆماوەیەکی کاتی، بەڵام کاتێک خۆڵبارینەکە دەگاتە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و ناوەڕاست و باکووری گەرمیان لاوازتر دەبێت.
وتیشی، “ئەمشەو خۆڵبارین بەشێوەی لاواز بۆ مامناوەند بەردەوام دەبێت و سبەینێ دوو شەممە سات لەدوای سات کاریگەری کەم دەبێتەوە و لە ئێوارەدا کۆتایی دێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی هاتنی تۆپەڵە هەوایەکی سارد بۆ تورکیا لە سبەینێ دوو شەممەوە تاوەکو ڕۆژی چوار شەممە پلەکانی گەرمی 2 تا 4 پلە دادەبەزن و لە ناوچە شاخاوییەکان هەست بەسەرما دەکرێت و لە ناوچەکانی گەرمیان تاڕادەیەک فێنک دەبێت، لە ڕۆژی دوو شەممە و سێ شەممە بۆماوەی کاتی لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەر هەیه لەبەرزایی زیاتر لە 2800 مەتر بڕێکی کەم بەفر ببارێت و لە ناوچەکانی تر ئەگەر هەیە بڕێکی کەم باران یان دڵۆپە باران ببارێت.
