بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ دوای لافاوەکەی کۆتایی ساڵی رابردوو کە زیانی پێگەیاندبوو، کراوەتەوە و هاووڵاتیانی سنوورەکە پێویست ناکات سەردانی سلێمانی بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتییانی سنووری قەزای چەمچەماڵ دەکاتەوە کە بۆ مامەڵەی پاسپۆرت سەردانی نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ بکەن، چونکە ئەو نووسینگەیە کراوەتەوە.
ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ، رایگەیاند، کە ئامێرەکانی نووسینگەکە گۆڕدراون و ئێستا کاروباری پاسپۆرتی هاونیشتمانیان باشتر لە جاران جێبەجێ دەکرێت.
قایمقامی چەمچەماڵ روونیکردەوە، کە پێویست ناکات هیچ هاونیشتمانییەک لەمەودوا بچێتە سلێمانی بۆ دەرهێنان یان نوێکردنەوەی پاسپۆرت و هەموو کارەکان لە نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ دەکرێت، هاوشێوەی پێش لافاوەکە.
پێشتر بەهۆی لافاوەکەی کۆتایی ساڵی رابردوو کە قەزای چەمچەماڵ و بەشێکی دیکەی باشووری کوردستانی گرتەوە، ئاو چووە ناو نووسینگەی پاسپۆرتی قەزاکە و زیانی زۆری پێگەیاند، بەهۆیەوە کارکردن لەو نووسینگەیە راگیرا.
