وەزارەتی کارەبا گرێبەستێکی ١٠٠ ملیار دیناری بۆ دروستکردنی سێ وێستگەی نوێ لە هەولێر واژوو کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣ی ئایاری ٢٠٢٦، کەمال محمد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، گرێبەستێکی گرنگی لەگەڵ کۆمپانیای (هێرۆ) واژوو کرد بە مەبەستی جێبەجێکردنی سێ پڕۆژەی ستراتیژیی وێستگەی گۆڕینی کارەبا لە سنووری پارێزگای هەولێر.
بەپێی ناوەڕۆکی گرێبەستەکە، سێ وێستگەی کارەبا لە جۆری (132KV) لە ناوچەکانی (شەمامک، هەشتی حەسارۆک و تیمار) دروست دەکرێن. گوژمەی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژانە بڕی ١٠٠ ملیار دینارە و بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵدا کارەکانیان تەواو بکرێت.
وەزیری کارەبا لە کاتی ڕێوڕەسمی واژووکردنی گرێبەستەکەدا تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەم وێستگانە و ڕایگەیاند: “ئەم پڕۆژانە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە کەمکردنەوەی گرفتی بارزۆری (Overload) لەسەر تۆڕەکانی کارەبای ژمارەیەک لە گەڕەکەکانی ناو شاری هەولێر و دەوروبەری.” وەزیر داواشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار کرد کە پابەندی دیزاین و کوالیتی بەرز بن و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا پڕۆژەکە تەواو بکەن.
لای خۆیەوە، ئاری زراری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێرۆ، جەختی کردەوە کە پڕۆژەکان بە کوالیتییەکی بەرز و لە کاتی دیاریکراودا تەواو دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم وێستگانە نەک تەنها بۆ هاووڵاتییان، بەڵکو بۆ گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵیی ناوچەکەش گرنگییەکی زۆریان دەبێت.
