کشتوکاڵی عێراق: بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە پەیوەندی بە کەمیی بەرهەمەوە نییە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، هیچ قەیرانێک لە بەرهەمهێنانی هێلکەدا نییە، جەختی کردەوە، بەرهەمی ناوخۆیی پێداویستییەکانی بازاڕ پڕدەکاتەوە و پڕۆژەکانی پەلەوەریش بە شێوەیەکی جێگیر و بەردەوام کار دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە پەیوەندی بە کەمیی بەرهەمەوە نییە، بەڵکو هۆکارەکەی بۆ یاریپێکردنی بازاڕە لەلایەن هەندێک بازرگانەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بازرگانانە دەنگۆی بوونی کەمیی هێلکە بڵاو دەکەنەوە تەنیا بە مەبەستی بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر.

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق باسی لەوەشکردووە، بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەردەوامن لە چاودێریکردنی جوڵەی نرخەکان بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکاری و سوودوەرگرتنێکی نەگونجاو، هەروەها داوا لە هاووڵاتیانیش دەکات بڕوا بە دەنگۆکان نەکەن و پەنا نەبەنە بەر کڕینی هێلکەی زۆر، چونکە بازاڕی ناوخۆ بە تەواوی دابینکراوە و هیچ کورتهێنانێک لەم ماددە خۆراکییەدا نییە.

ئەم روونکردنەوەیەی وەزارەت لە کاتێکدایە کە نرخی یەک تەبەقە هێلکە لە بازاڕەکانی عێراقدا بۆ نزیکەی 8,000 دینار بەرزبووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، روانگەی ئیکۆ عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی ئالیکی پەلەوەر، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە لە عێراقدا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە