بە وتەی کەشناسێکی کورد، لە سبەینێ دووشەممەوە شەپۆلێکی نوێی بارانبارین و هەورە بروسکە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی تاوەباران و هەورە بروسکە لە چەند ناوچەیەک، پلەکانی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بە “تۆڕی میدیای خەڵک”ی ڕاگەیاند: سبەینێ دووشەممە، لە ئەنجامی کاریگەری بارستە هەوایەکی سارد لەدەریای ناوەراستەوە بۆ سەر ناوچەکانمان ئاسمانی هەرێم بە زۆری نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت و لەکاتەکانی بەرەبەیانەوە بۆ نیوەرۆ ئەگەری دروستبوونی ناجێگیریەک لەبەرگەهەوادا دەبێت و تاوە باران و چالاکبوونی هەورە بروسکە لە زۆرێکی ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر و ئیدارەی سۆران و راپەرین و هەندێ لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە دەبێت.
باسی لەوەشکرد: پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی چوار تا پێنج پلە بەڕاورد بە ئەمڕۆ نزمدەبنەوە، رێژەی بارانەکە بەجیاوازی شوێنەکان لەنێوان یەک ملیمەتر تا زۆرترین رێژە 15 ملیمەتر دەبێت بەتایبەت لەناوچە شاخاوییەکان.
ئەوەشی باسکرد: لە ئەنجامی کاریگەری ئەو بارستە هەوایە لەسبەینێوە تا کۆتایی هەفتە پلەکانی گەرما لەناوچەکانمان بە جێگیری دەمێنێتەوە و بەرزبوونەوە بەخۆیەوە نابینێت و کەش لە رۆژدا فێنک و لەشەواندا کەمێک سارد دەبێت.
