ناتانیاهو بەئاڕاستەی لەناوبردنی دەوڵەتی داگیرکەر کاردەکات

د. عەلی قەرەداغی

ناتانیاهو بەپێی سوننەتەکانی خودای گەورە بەو ئاراستەیەدا کار دەکات کە بەرەو لەناوچوونی دەوڵەتی داگیرکەر دەچێت.

ناتانیاهو لە ڕێگەی لێدوانە کاڵوکرچەکانی و ئەو تاوانانەی کە پێش هەموو تاوانبارانی پێش خۆی کەوتووە لە غەززە و کەناری ڕۆژاوا و لوبنان و سووریا و ئێران و شوێنانی دیکە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئاسایشی دەوڵەتی داگیرکەر دەپارێزێت. ئەو وا دەردەخات کە بە پشت بەستن بەو هێزە لەڕادەبەدەرەی شانازیی پێوە دەکات، تەمەنی قەوارەکە درێژ دەکاتەوە و مێژووی ناوچەکە بە هێز دەگۆڕێت.

لە ڕەفتارەکانیدا وا دیارە کە تەنها باوەڕی بە توندوتیژی، تیرۆر، وێرانکاری و جینۆساید هەیە، بەڵام هەموو ئەمانە لە ڕووی کردارییەوە تا ئێستا ئاسایشی بۆ ئیسرائیل دابین نەکردووە و نەیتوانیوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بگۆڕێت، بە پشتیوانی خودای گەورە هەرگیزیش ناتوانێت؛ بەڵکو ئەو بەپێچەوانەی ویستەکانی خۆی هەنگاو دەنێت و لەلایەن خوداوە بەرەو هەڵدێر ڕادەکێشرێت (استدراج)، چونکە دڵ و دیدەی کوێر بووە؛ خودای گەورە دەفەرموێت: ﴿فَإِنَّهَا لَا تَعْمَى الْأَبْصَارُ وَلَٰكِن تَعْمَى الْقُلُوبُ الَّتِي فِي الصُّدُورِ﴾ [الحج: 46].

ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هێزی ڕاستەقینەی زایۆنیستەکان لە دوو شتدا بوو کە قورئان ئاماژەی پێ کردووە: ﴿ضُرِبَتْ عَلَيْهِمُ الذِّلَّةُ أَيْنَ مَا ثُقِفُوا إِلَّا بِحَبْلٍ مِنَ اللَّهِ وَحَبْلٍ مِنَ النَّاسِ وَبَاءُوا بِغَضَبٍ مِنَ اللَّهِ وَضُرِبَتْ عَلَيْهِمُ الْمَسْكَنَةُ﴾ [آل عمران: 112].

یەکەمیان “حبل الله” (پەتی خودا): کە ماوەیەکی زۆرە بەهۆی ستەم و گەندەڵی و خراپەکارییان لەسەر زەویدا پچڕاوە، بەتایبەت لە سەردەمی پەیامبەرایەتیدا، هەر بۆیە خودا وەسفی کردوون کە تووشی خەشم و تووڕەیی خودا بوون و هەژاری و بێچاره‌ییان بەسەردا سەپێنراوە.

دووەمیان “حبل الناس” (پەتی خەڵک): کە لە ڕێگەی پارە، میدیا، کۆمپانیا و بۆرسەکانەوە توانییان کاریگەری بخەنە سەر عەقڵی ئەوروپا و ئەمریکا و لۆبی کاریگەر دروست بکەن.

بەڵام ئەمڕۆ ئەم پەتە بەهۆی تاوانەکانیانەوە خەریکە لاواز دەبێت. ئەوەی ناتانیاهو لە جینۆساید و وێرانکاری لە غەززە و لوبنان و شوێنانی دیکە ئەنجامی دەدات، بووەتە هۆی خێراکردنی دوورکەوتنەوەی خەڵک لێیان و تێکچوونی پەیوەندییەکانیان، بەڵکو بووەتە هۆی زیادبوونی ڕق و کینە بەرامبەریان. بەم زووانە، بە پشتیوانی خودا، دەبینن کە ئەم کێشانە دەبنە بەشێک لە بەرنامەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و حزبی و پەرلەمانییەکان، لە ڕێگەی دروشمی دژە زایۆنیزم، دژایەتی چەوساندنەوەی گەلان و دژایەتی باج دان بۆ پاراستنی ئەوان.

هەموو ئەمانەش لە چوارچێوەی سوننەتەکانی خودادایە کە لەم ئایەتەدا ئاماژەی پێ کراوە: ﴿فَإِذَا جَاءَ وَعْدُ الْآخِرَةِ لِيَسُوءُوا وُجُوهَكُمْ وَلِيَدْخُلُوا الْمَسْجِدَ كَمَا دَخَلُوهُ أَوَّلَ مَرَّةٍ وَلِيُتَبِّرُوا مَا عَلَوْا تَتْبِيرًا﴾ [الإسراء: 7].

ئەم ئایەتە بۆ لەناوبردنی خراپەکاری گەورەی دووەمی ئەوان، چەند مەرجێکی داناوە:

  1. ﴿عِبَادًا لَّنَا﴾: واتە بوونی کۆمەڵێک کە بەندایەتییەکی ڕاستەقینە و دڵسۆزییان بۆ خودا تێدا بێتە دی.
  2. ﴿أُولِي بَأْسٍ شَدِيدٍ﴾: واتە گرتنەبەری هەموو جۆرە هێزێکی کاریگەر و گونجاو.
  3. ئەنجامی هێرشی ئەم بەندانە ببێتە هۆی ڕووڕەشی و سەرشۆڕی و زەلیلییان، ئەوەش هەر ئەو شتەیە کە ئەمڕۆ لە شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی دژیان لە ئەمریکا و ئەوروپا دەبینرێت.

کەواتە ناتانیاهو بەرەو ئاراستەیەکی پێچەوانەی ویستی خۆی هەنگاو دەنێت، ئەمەش “ئیستیدراج”ێکی خواییە کە بە پشتیوانی خودای گەورە بە لەناوچوونی دەوڵەتی خراپەکاری و جینۆساید و ستەمکاری کۆتایی دێت. مژدەتان لێ بێت بە سەرکەوتنی نزیکی خودا و خۆتان بۆ ئەو ڕۆژە گەورەیە ئامادە بکەن، وەک دەفەرموێت: ﴿وَيَوْمَئِذٍ يَفْرَحُ الْمُؤْمِنُونَ * بِنَصْرِ اللَّهِ﴾ [الروم: 4-5].

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە