پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، جەخت لە بەردەوامیی پرۆسەی دابینکردنی دۆلار بۆ حەواڵەی دەرەکی دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، رێکارەکانی فرۆشتنی رۆژانەی دۆلار بە هیچ شێوەیەک رانەگیراون.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند لە چەند ساڵی رابردوودا بانکی ناوەندی فرۆشتنی دۆلاری لە رێگەی کەناڵی فەرمی و شەفافەوە رێکخستووە. باسی لەوەش کرد کە ئێستا حەواڵەی دەرەکی بەپێی میکانیزمی توندوتۆڵ و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچێت.
پارێزگاری بانکی ناوەندی روونیشیکردەوە، فرۆشتنی نەختینەیی دۆلار هێشتا هەستیارترین پرسە و پێویستی بە چاودێرییەکی زیاتر هەیە، بەڵام رێکخستنی حەواڵەی دەرەکی هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ کەمبوونەوەی فرۆشتنی کاشی دراوە ئەمریکییەکە.
لە ئامارێکی سەرنجڕاکێشدا، عەلاق ئاشکرای کرد کە پێشتر عێراق ساڵانە ١٤ ملیار دۆلاری بە شێوەی کاش هاوردە دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو بڕە کەمبووەتەوە بۆ تەنها ٤ ملیار دۆلار، کە ئەویش تایبەت کراوە بە گەشتیاران. هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە فرۆشتنی دۆلاری نەختینەیی بەپێی میکانیزمێکی ورد بەردەوام دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و سەبارەت بە دۆخی ئابووریی عێراق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی رایگەیاند کە لە رووی یاساییەوە بانکەکەیان ناتوانێت راستەوخۆ قەرز بە حکومەت بدات، بەڵام خاوەنی چەند ئامرازێکی دیکەیە بۆ هاوکاریکردن لە رێگەی قەواڵە داراییەکانەوە (سەنەد).
عەلاق هاووڵاتیانیشی دڵنیا کردەوە و وتی: “یەدەگی دراوی بانکی ناوەندی توانای پشتگیریکردنی سەقامگیریی دارایی هەیە و مووچەی فەرمانبەران ناوەستێت.”
