بانکی ناوەندی عێراق دڵنیایی لە مووچە دەدات

پارێزگاری بانکی ناوەندی: مووچەی فەرمانبەران ڕانەگیراوە و ڕاشناگیرێت؛ هاوکاری حکومەت دەکەین.

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، ئەمڕۆ شەممە دووپاتی کردەوە، کە بەردەوامن لە دابینکردنی دۆلار بۆ حەواڵە دەرەکییەکان بەبێ وەستان، ئاماژەی بەوەش کرد، کە مووچەی فەرمانبەران مسۆگەرە و بانکەکە لەگەڵ حکومەت هاوکار دەبێت.

عەلی عەلاق لە میانی دانیشتنێکی دیالۆگدا لە (مەکۆی سین بۆ دیالۆگ) ڕایگەیاند: “بانکی ناوەندی تا ئێستاش بەردەوامە لە داپۆشینی حەواڵە دەرەکییەکان بە دۆلار و ڕێکارە ڕۆژانەکانمان نەوەستاون.”

ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە ساڵانی کۆتاییدا پڕۆسەی فرۆشتنی دۆلار خراوەتە ناو کەناڵە فەرمییەکان و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییە توندەکان ڕێکخراوەتەوە.

پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاشکرای کرد کە پڕۆسەی ڕێکخستنی حەواڵەکان بووەتە هۆی دڵنیایی لای دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و خەزێنەی ئەمریکا. وتیشی: “پێشتر ١٤ ملیار دۆلارمان بۆ فرۆشتنی نەقد (کاش) ڕادەکێشا، بەڵام ئێستا تەنها ٤ ملیار دۆلار ڕادەکێشین کە ئەویش بە میکانیزمێکی ورد تەنها بۆ گەشتیاران تەرخانکراوە.”

عەلاق ئاماژەی بەوەدا، کە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، باسیان لە سەرچاوە داراییەکان و کورتهێنانی بودجە و کێشەکانی هەناردەکردن کردووە. وتیشی: “بەپێی یاسا ناتوانین قەرز بدەینە حکومەت، بەڵام هەندێک سەنەداتمان هەیە کە دەتوانین لە چوارچێوەی سنوورە ڕێپێدراوەکاندا بە دەوڵەتی بفرۆشین.”

لە کۆتاییدا عەلی عەلاق دڵنیایی دایە مووچەخۆران و وتی: “مووچەی فەرمانبەران نەوەستاوە و ناشوەستێت، ئێمە هاوکاری حکومەت دەکەین.” جەختیشی کردەوە کە بانکی ناوەندی خاوەنی یەدەگێکی بەهێزە کە دەتوانێت بەرگری لە دۆخی دارایی وڵات بکات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە