هۆشداری؛ شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی بە خەڵك-ی ڕاگەیاند، بەهۆی چالاکبوونی بای باشووری خۆرئاوا و زیادبوونی خێرایی با لە ناوچەکانی بادیەی شام و ئەردەن، شەپۆلێکی خۆڵبارینی مامناوەند بۆ چڕ ڕوو لە ناوچەکە دەکات و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی گەڵۆزی، ئێوارەی یەکشەممە (٢٠٢٦/٥/٣): شەپۆلەکە دەست پێدەکات و تەواوی ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی عێراق بە چڕی دەگرێتەوە.
پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکە بگاتە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان بە شێوەی خۆڵبارینێکی سووک بۆ مامناوەند.
ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژی دووشەممە لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی، ڕاپەڕین، سۆران و دهۆک ئەگەری دروستبوونی تەپوتۆزی ناوخۆیی هەیە.
بەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین لە کاتی شەپۆلەکەدا، داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەن:
شۆفێران: لەکاتی لێخوڕین لەسەر ڕێگا دەرەکییەکان، پێویستە بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن.
تەندروستی: ئەو کەسانەی نەخۆشی ڕەبۆ و کۆئەندامی هەناسەیان هەیە، پێویستە دەمامک بەکاربهێنن و تا دەکرێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
