ئەمڕۆ شەممە لە داخستنی بازاڕەکانی بەغدا و هەولێر، نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش بەهۆی گەیشتنی بارێكی دۆلار لە ئەمریكاوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی كیفاح و حارسیە لە بەغدا بەهای 100 دۆلار دابەزیوە بۆ 152 هەزار و 900 دینار، دوای ئەوەی سەرلەبەیانی بە 153 هەزار و 100 دینار بوو.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) وتی، “ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لەكاتی داخستنی بازاڕدا بەهای 100 دۆلار بە 152 هەزار و 900 دینارە”.
لەهەولێریشدا بازاڕەکان دابەزینێکی هاوشێوەیان تۆمارکردووە، نرخی فرۆشتن گەیشتووەتە ١٥٢ هەزار و ٨٥٠ دینار و نرخی کڕینی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکیش ١٥٢ هەزار و ٧٥٠ دینارە.
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری عێراقی ئاشكرای كرد، بارێکی نوێی دۆلاری ئەمریکی بە شێوەی کاش گەیشتۆتە بەغدا، ئەمەش وەک بەشێک لە پشتیوانی ئەمریکا پەیوەست بە قۆناغی سیاسی ئێستا و پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت.
وتيشى، عێراق مانگانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار وەردەگرێت، کە بە دوو قیستی نەختینە دابەش دەکرێت، پێشبینیش دەکرێت هاتنی ئەم بارە نەختینەیە بەشداربێت لە باشترکردنی نرخی دینار لە هەفتەی داهاتوودا.
چاودێران پێیان وایە دەستپێکردنەوەی ئەم پارەدانانە – کە بەزۆری لە نێوان 400 بۆ 500 ملیۆن دۆلاردایە – بەشدارە لە بەهێزکردنی سەقامگیری دراو، بەتایبەتی دوای ماوەیەک لە ڕاگرتنی لە مانگی نیسانی ڕابردوو کە ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا هۆکارەکەی بۆ گرژییە ئەمنییەکان گەڕاندەوە.
