هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق خێرا دەکرێن؛ عەلی زەیدی لە پیرمام داوای گەڕانەوەی پارتی بۆ بەغدا دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، ٢ی ئایاری ٢٠٢٦، هەریەک لە مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پیرمام پێشوازییان لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق و شاندێکی یاوەری لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد. کۆبوونەوەکان تەوەرەی سەرەکییان پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بوو.
لە دیدارەکەدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، کە پشتیوانی لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ دەکەن، بە مەرجێک کار بکات بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. جەختیشی کردەوە کە پێویستە بەڕێوەبردنی عێراق لەسەر سێ بنەمای سەرەکی بێت: “هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان.” مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێستا دەرفەتێکی زێڕین هاتوەتە پێش بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ مافەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی فیدراڵی هەرێم بکرێت.
لە کۆبوونەوەیەکی جیادا، مەسعود بارزانی و عەلی زەیدی باسیان لە پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت کرد بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن. بارزانی دووپاتی کردەوە کە: “پابەندبوون بە دەستوور تەنیا ڕێگەی سەقامگیریی وڵاتە.”
لای خۆیەوە، عەلی زەیدی داوای لە بارزانی کرد، کە کوتلەی پەرلەمانی و حکومیی پارتی دیموکراتی کوردستان بگەڕێنەوە بەغدا بۆ ئەوەی بەشدار بن لە پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی کابینەی نوێ. زەیدی جەختی کردەوە کە دەیانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکان هەڵبدەنەوە و ڕایگەیاند: “بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان بەهێزبوونی حکومەتی فیدراڵییە.”
