محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە هەڵبژاردنیش بكرێتەوە عەینی تاس و حەمامە و هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت و دەشڵێت: ترەمپ خواخوایەتی لەو شەڕە ڕزگاری ببێت و سەركەوتن بۆ ئێران بوو.
محەمەد حاجی مەحمود لە پەراوێزی بەشداری كردنی لە مەراسیمی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە لێدوانێكی بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، هیوادارم ئەم جارەش کورد لەخۆیەوە بەپێی پەتی تێی نەكەوێت و پشتیوانی لە عەلی زەیدی نەکات تا دواکارییەکانی کورد جێبەجێ دەکات.
وتیشی، “یەكێتی و پارتی ڕاستەوخۆ پیرۆزباییان لە زەیدی كردووە، كە ئەوە خراپە وەك جارەكانی دیكە و وەك سودانی لێ نەكەن، دانیشن لەگەڵی و گرێبەستێك بنووسن و داواكارییەكانی كورد بنووسن و ئەو كات ئەنجامەكەی چۆن بوو ئینجا پشتیوانی بكەن.
ئاماژەی بەوەشدا، هەڵسەنگاندنەكانی ئەمریكا و ئیسڕائیل بۆ ئێران هەمووی هەڵەبوو، كە وایان دەزانی بە دوو ڕۆژ كۆتایی دێت، بەڵام ئەوە دوو شەڕە ئێران خۆی ڕاگرتووە و گفتوگۆش لەگەڵی واتە سەركەوتنی ئێران.
دەشڵێت: جەنگی ئەمریکا و ئێران دەستپێناکاتەوە و ترەمپ خواخوایەتی لەم شەڕە نەجاتی ببێت
بە بۆچوونی محەمەد حاجی مەحمود، “ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستانیش بكرێتهوه هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت و یەكێتی و پارتی كەسیان كورسی یەكتر نابەن و ههر عهینی تاس و عهینی حهمام دهبێت، هیچ ناگۆڕێت”.
