بۆچی ئەوەی دەیخوێنینەوە لە بیرمان دەچێتەوە؟

پ. د. سەعید عەلی محەمەد

زۆرجار ڕۆشنبیرو خوێنەرەکانمان بەتایبەت گەنجەکان سکاڵای ئەوە دەکەن ئەوەی دەیخوێننەوە لەبیریان دەچێتەوە، دەڵێن: دوای ئەوەی چەندین کاژێر یان چەندین ڕۆژ سەرقاڵ دەبن بە خوێندنەوەی کتێبێک، کەچی دوای تەواوکردنی کتێبەکە هیچ شتێک لە زانیاریەکان و بیرۆکەکانی نێو کتێبەکەیان بیر ناکەوێتەوە، تەنانەت بێ توانان لە کورتکردنەوەی ناوەڕۆک و ئامانجە سەرەکیەکانی پشت نوسینی کتێبەکە لە چەند دێڕێکی کورت و پوختدا…بەداخەوە هەستکردن بەم لاوازی و بێ تواناییە پاڵ بەزۆرێک بەم خوێنەرانەوە دەنێت واز لە خوێندنەوە بهێنن و، بڕوایان وایە عەقڵ و دەماخەکانی ئەوان وەک (تورەکەی کونکراو) ی لێهاتووە.

ئەو ڕاستیەی کە پێویستە هەموان بیزانن ئەوەیە کە گرفتەکە لە (دەماخ و زاکیرە) دا نیە، بەڵکو لە جۆری نەهج و (پرۆگرامی وەرگرتن) دایە، هۆکاری لەبیرچوونەوەی ئێمە ئەوەیە: خوێندنەوەکەمان خوێندنەوەی (کات بەسەربردنە) نەک خوێندنەوەی قوڵی (توێژەرو لێکۆڵەر).

هۆکارەکانی لەبیرچوونەوەو چۆنێتی دەربازبوون لێیان:

یەکەم: خوێندنەوەی بێ (پرسیار):

عەقڵی مرۆڤ واڕاهاتووە هەمیشە ئەو زانیاریانە پشتگوێ دەخات کە کاری ڕۆژانەی پێیان نیە، کاتێک تۆ کتێبێک دەخوێنیتەوە و پێشتر هیچ پرسیارێک لە لات گەڵاڵە نەبووە عەوداڵی وەڵامەکەی بیت، یان هیچ کەلێنێکی مەعریفیت بەدی نەکردووە لەهەوڵی پڕکردنەوەیدا بیت، ئەوکات عەقڵی تۆ وەک ( ڕێبواری ڕێگایەک) مامەڵە لەگەڵ زانیاریەکاندا دەکات، نەک وەک ( میوانێکی نازداری ماڵ ). واتە خوێندنەوەی ئامانجدار هەمیشە بە پرسیار دەست پێ دەکات.

دووەم / نەبوونی ( گفتوگۆ ) لە گەڵ نووسەری کتێبەکە:

خوێندنەوەی بەسوود و بەرهەمدار (گفتوگۆی نێوان دوو عەقڵە) نەک تەسلیم بوونی یەکێکیان بەئەوی تر، بێ گۆمان تێپەڕینی خێرا بەسەر دێڕەکاندا بێ هیچ وەستان و هەڵوێستەکردن و ڕەخنەیەک ، یان بێ هیچ گرێدانەوەیەکی نێوان بیرۆکەی کتێبەکەو ئەو بیرۆکەیەی تۆ دەیزانی، زانیاریەکە سادەو ساکار دەکات…دەبێت قەڵەم بەکار بهێنیت، تێبینیەکان لای خۆت تۆمار بکەیت، ئەگەر چی دژی نوسەرەکەش بیت یان هاوڕای بۆچوونەکانیشی بیت.. بۆیە ئەم (ڕووبەڕووبوونەوە هیزریە ) یە بیرۆکەکان لە ناخ و ویژداندا چەسپاوو جێگیر دەکات.

سێهەم/ تەڵەی (چەندێتی) لەسەر حیسابی ( چۆنایەتی):

ئێمە بە دەردی دیاردەیەکەوە دەناڵێنین کە پێی دەوترێت (شانازیکردن بە ژمارەی کتێبەوە)، ئەمەش وایکردووە خوێندنەوە ببێتە پێشبڕکێیەک بۆ هەڵدانەوەی زیاتری لاپەڕەکان.. بێ گومان خوێندنەوەیەکی قوڵی تاکە کتێبێک و، وردبوونەوە لەبەشەکانی و، دووبارە چاوخشاندنەوە بە بڕگە سەرەکی و گرنگەکانی، زۆر باشتر و بەکەڵکترە بۆ عەقڵ و هیزری مرۆڤ لە خوێندنەوەی دە کتێب، بەڵام خوێندنەوەیەکی سادەو سەرپێیی.. دەبێ بزانین عەقڵ بۆئەوەی مەغزاو ماناکان (هەزم) بکات و لە شوێنی ڕاست و دروست و گونجاوی خۆیان دایان بنێت پێویستی بەکاتی زیاترو درێژتر هەیە.

چوارەم/ خوێندنەوەی دابڕاو لە (پڕاکتیزەکردن):

کورتترین ڕێگا بۆ لەبیرچوونەوەی بیرۆکەیەک ئەوەیە کاری پێ نەکەیت، ئەو زانیاریەی کە نابێتە ( ڕەفتار )، یان لەکۆڕێکی زانستیدا تاوتوێ ناکرێت، یان لە وتارێکدا نانوسرێت، ئەو زانیاریە ئیتر بەرەو پوکانەوەو نەمان دەڕوت، خوێندنەوەی بەسوود ئەوەیە: دوای لێبوونەوە لە خوێندنەوەی هەر بەشێکی کتێبەکە ئەو پرسیارە لە خۆت بکەیت: (من چۆن ئەم زانیاریە یان ئەم بیرۆکەیە لە ژیانی خۆمدا پراکتیزە بکەم؟).

پێنجەم/ گوێنەدانە (کەڵەکەبوونی مەعریفی):

ئێمە زۆر جار زانیاریەکانمان لەبیر ناچنەوە، بەڵکو بیرۆکەکان لە هۆشیاریماندا دەتوێنەوە و دەبنە ئەو ( پرد )ەی کە ئێمە لێیەوە جوڵەی خۆمان دەست پێ دەکەین، نابێ تۆ خەفەت بخۆیت ئەگەر شتێک لە وردەکاریە قوڵەکان یان ژمارەکانت لەبیر چوەوە، بەڵکو گرنگ مانەوەی ( ڕۆحی گشتی ) کتێبەکەیە، ئایا چۆن تێڕوانینی تۆی بۆ شتەکان گۆڕیوە، هۆشیاریی ئەوەیە: چی لە مێشک و دەماخ و عەقڵی تۆدا ماوەتەوە دوای لەبیرچوونەوەی هەموو ئەوەی خوێندووتەتەوە.

بەکورتی:

تۆ هەوڵ مەدە بۆ ( لەبەرکردن ) بخوێنیتەوە، بەڵکو بخوێنەرەوە بۆ ئەوەی (خۆت بگۆڕی )، خۆئەگەر کتێبەکە شتێکی لە تۆدا گۆڕی، یان ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوان کردیت، یان ڕەفتاری گۆڕیت، ئەوە دڵنیابە ئامانجی خۆی پێکاوە، ئەگەر چی وردەکایەکانی نیو کتێبەکە لە خەیاڵ و بیری تۆشدا نەمابن و سڕابنەوە.. تۆ هەوڵ بدە هەمیشە کتێب بکەیتە ( هاوەڵی ) کاروانی هۆشیاریت ، ئەوکات دەبینیت ئەوەی سوودو کەڵکی بۆتۆ هەیە بەدڵنیاییەوە و بۆهەتاهەتایە لە سەر زەوی عەقڵتدا دەمێنێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە