سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و یەعقووب کەریم پوور، هاووڵاتیی تورک و پەیڕەوی ئایینی یارسان، کە پێشتر بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە شێوەیەکی نهێنی جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ناسر بەکرزادەی تەمەن 26 ساڵ و یەعقووب کەریم پوور لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دران.
ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا و بە پاساوی وەک “ناردن بۆ پزیشکی داد” و “چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی جێبەجێکردنی سزاکان” لە بەندەکانی خۆیان هێنرابوونە دەرەوە و بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوونەوە.
ناسر بەکرزادە: بەندکراوی سیاسیی تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی ئورمیە کە لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشەوە بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، سزاکەی لە ڕەوتێکی خێرادا و تەنیا لە ماوەی 10 ڕۆژدا لەلایەن لقی 39ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بۆ جاری سێیەم پشتڕاست کرابووەوە و بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرابوو. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا لە دەستبەسەرگەی “ئەلمەهدی” لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ.
هاوکات، یەعقووب کەریمپوور، دەرچووی بەشی یاسای گشتی، خەڵکی میاندواو، هاووڵاتیی تورک و پەیڕەوی ئایینی یارسان کە لە کاتی شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “ئەفساد فی ئەلئەرز” لە ڕێگەی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو و مانگی ڕابردوو لە لقی 9ی دیوانی باڵا سزاکەی پشتڕاست کرابووەوە.
