بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەبێ کۆشش و عارەقی ناوچەوانی کرێکاران هیچ وڵاتێک بەرەو پێشەوە هەنگاو نانێت.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بە رێز و پێزانینێکی زۆرەوە لە دەستە ماندووەکانیان دەڕوانن کە بزوێنەری سەرەکی گەشەپێدانی نیشتمانن.
دەشڵێت: کرێکاران تەنها هێزی کار نین، بەڵکو سامانێکی نیشتمانیی گەورە و بێوێنەن، بەبێ کۆشش و عارەقی ناوچەوانی ئەوان هیچ وڵاتێک بەرەو پێشەوە هەنگاو نانێت، بۆیە کاری لەپێشینەمان دابینکردنی ژیانێکی شایستە و پاراستنی شکۆ و مافە یاساییەکانیانە.
بافڵ تاڵەبانی، باسی لەوەشکردووە: دووپاتی دەکەینەوە وەک هەمیشە پاڵپشت و داکۆکیکاری مافی کرێکاران دەبین و پابەندین بە هەوڵەکانمان بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی کاری تەندروست و سەردەمیانە، کە تێیدا دادپەروەری کۆمەڵایەتی فەراهەم بکرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێت.
