عێراقچی: ناونانی گەرووی هورمز بە ناوی “ترەمپ” هەڵەیەکی کوشندەیە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕەخنەی لەوە گرت کە بە “هەڵەیەکی کوشندە” ناوی برد لە هەنگاوەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناونانی گەرووی هورمز بە ناوی خۆیەوە.

عێراقچی جەختی کردەوە، کە ئەم ڕەفتارە ڕاستییە مێژووییەکان پشتگوێ دەخات و نیشانەی هەوڵێکە بۆ سەپاندنی وەسفی سیاسی بەسەر جوگرافیایەکدا کە سەدەها ساڵە جێگیر بووە.

عێراقچی لە پۆستێکدا لە سۆشیاڵ میدیای “ئێکس” ڕایگەیاندووە، ئێران یادی ڕۆژی “کەنداوی فارس” دەکاتەوە وەک ڕێزێک بۆ یادی دەرکردنی پورتوگالییەکان لە گەرووی هورمز لە ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە “سەرۆکی ئەمریکا خۆی زاراوە دروستەکە (کەنداوی فارس) بەکاردەهێنێت”، بە پێچەوانەی ئەوەی کە بە “ناوە ساختەکە” وەسفی کرد کە لەلایەن پێنتاگۆنەوە بڵاودەکرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە “هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی ناوی گەرووەکە تەنها هەڵەیەکی کوشندە و دەستدرێژییە بۆ سەر ڕاستییەکانی مێژوو”.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڤیدیۆیەکی ترەمپی هاوپێچ کردووە کە تێیدا دەستەواژەی “گەرووی ترەمپ” بەکاردەهێنێت، لەگەڵ پۆستێکی تری ترەمپ کە پێشتر لەسەر پلاتفۆرمی “تروس سۆشیاڵ” بڵاویکردبووەوە و تێیدا ناوی “گەرووی ترەمپ” لەسەر گەرووی هورمز دەردەکەوێت.

ساڵانێکە واشنتۆن، بەتایبەتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، زاراوەگەلێک بەکاردەهێنن کە خۆیان لە ناوهێنانی “کەنداوی فارس” بەدوور دەگرن، ئەمەش لەلایەن تارانەوە وەک شێواندنێکی ئەنقەستی ڕاستییە مێژوویی و جوگرافییەکان دەبینرێت. لێدوانەکانی عێراقچی لە کاتێکی هەستیاردا دێن کە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە سیاسی و سەربازییەکان لە ناوچەکەدا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خواستی ئێرانە بۆ چەسپاندنی گێڕانەوە مێژووییەکەی وەک بەشێک لە ململانێیەکی فراوانتر لەسەر شەرعییەت، سەروەری و هێما جوگرافییەکان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە