خەڵک – AA
وهلات ئهمین ئوزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستان، لە كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی دۆخی ئێستای ناوچەکەوە بڕیاردراوە هیچ ئاهەنگ و کۆبوونەوەیەک بۆ یادی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران ساز نەکرێت، دەشڵێت، پێویستە ساڵانە 25 هەزار هەلی کار لە دهۆک دابین بکرێت.
سەرۆكی لقی دهۆكی سەندیكای كرێكاران دەشڵێت: “رێژەی كرێكاری دابینكراو لە ئاستی داواكاری ئێمە نییە و رێژەیان زۆر كەمە، تا ئێستا نزیکەی 27 هەزار کرێکار لە سنووری پارێزگای دهۆک ناوی خۆیان له سهندیكا تۆمار کراوە، ئهگهر حكومهتی ههرێمی كوردستان پارچه زەوی، پێشینەی هاوسەرگیری و نیشتەجێبوون بۆ کرێکاران دابین بكات، دەبێتە هۆی ئەوەی سەرجەم کرێکاران له سهندیكا خۆیان تۆمار بكهن”.
سەبارەت بە ماف و مووچەی کرێکاران، ئوزمانی جەختی کردەوە: “لە هەر شوێنێکی کار ئەگەر مووچەی کرێکارێک لە 450 هەزار دینار کەمتر بێت، پێویستە سکاڵا لای ئێمە تۆمار بکەن بۆ ئەوەی لیژنەی بەدواداچوون بنێرین، هەروەها کاتی کارکردن نابێت لە هەشت کاتژمێر زیاتر بێت، ئەگەر کرێکارێک کاتی زیاتر کار بکات، دەبێت حیسابی “دوو هێندە” بۆ کاتژمێرە زیادەکانی بکرێت”.
لەبارەی ئامارەکانی ساڵی 2025 تا کۆتایی مانگی ئایار، سەرۆکی لقی دهۆک ئاشکرای کرد: “تا ئێستا 12 کرێکار گیانیان لەدەستداوە نۆ کرێکار ساڵی ڕابردوو و سیانیان ئەمساڵ بووە، هەروەها 50 کرێکاریش لە کاتی کارکردندا بریندار بوون”.
لە کۆتاییدا وەلات ئوزمانی باسی لە پێویستیی بازاڕی کار کرد و وتی: “لە هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستمان بە 150 هەزار هەلی کار هەیە، کە پێویستە لە پارێزگای دهۆک 20 بۆ 25 هەزار هەلی کار دابین بکرێت”.
یەکی ئایار كە لە خەباتی جیهانی كرێكارانەوە لە پێناو دانانی پێوانەیەكی هاوبەش بۆ ماوەی كاركردنی رۆژانە سەریهەڵداوە لە چەندین وڵاتی جیهان وەك رۆژی جیهانیی كرێكاران و جەژنی كرێكاران، یاددەكرێتەوە.
