فەرماندەیەکی باڵای سەربازی پەکەکە ئاشکرای دەکات، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا وەستێندراوە و دوو مەرجیش بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆسەکە دەخاتەڕوو.
موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: دەسەڵاتی تورکیا بە ئاراستەی چارەسەری پرسی کورد و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتی هیچ هەنگاوێکی روونی نەناوە و بەردەوامە لە سەپاندنی ئیرادەی تەسلیمکردن، هەربۆیە پرۆسەکە وەستێندراوە.
روونیشیکردەوە: دوایین جار لە 27 ی ئازار شاندێکی دەوڵەتی تورکیا و دەم پارتی سەردانی عەبدوڵا ئۆجالانیان کردووە و دیدارێکی تێر و تسەلیان ئەنجامداوە و ئەوەش هیوا و چاوەڕوانییەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵام هێندەی درکی پێکراوە، ئەو بابەتانەی لەو دیدارەدا خراونەتەڕوو و ئەو ئەنجامانەی دوای ئەوە هاتنە ئاراوە، وای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کردووە، کە پرۆسەکە هەڵپەسێرن و رایبگرن.
بە وتەی قەرەیلان، “بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆسە راگیراوەکە، دەبێت یەکەم رێگە لە بەردەم ئۆجالان بکرێتەوە بە تەواوەتی رۆڵی خۆی بگێرێت و دواتریش هەنگاو و ڕێکاری یاسایی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و چارەسەری پرسی کورد بگیرێتەبەر”.
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو عەبدوڵا ئۆجالان لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی راگەیاند، لەلایەن حزبەکەیەوە هەردوو هەنگاوەکە نران، بەڵام بەرپرسانی کورد بەردەوام باس لەوەدەکەن ئەنقەرە ئەرکەکانی خۆی لەو پرۆسەدا بەجێنەگەیاندووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، حکومەتی ئەنقەرە پرۆسەکە وەک “تورکیای بێ تیرۆر” ناودێر دەکەن و لە رۆژانی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە، دەست بە هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەکە بکرێت.
