بەهاری ئەمساڵ ماڵئاوایی ناکات

مزگێنی بۆ هاووڵاتییان؛ بەهاری ئەمساڵ درێژە دەکێشێت و هاوینێکی “هێمن‌تر” لە چاو ساڵانی ڕابردوو چاوەڕوان دەکرێت.

شاڵاو هیدایەت، پێشبینیکاری کەشناسی ڕایگەیاند، وەرزی بەهاری ئەمساڵ بەم زوانە کۆتایی نایەت و شەپۆلەکانی دابارین بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام دەبن. پێشبینی دەکرێت مانگی ئایار (مانگی پێنج) بارانبارین لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی ئاستی ئاسایی (نۆرماڵ) بێت، لە هەندێک ناوچەشدا ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.

ئەو پێشبینیکارە ئاماژەی بەوەداوە، کە کۆمەڵێک دیاردەی جیهانی بوونەتە پاڵنەر بۆ ئەم دۆخە، لەوانە: دیاردەی ئێل نینۆ، نزیکبوونەوەی دۆخی زەریای هێمن لەم دیاردەیە، ئای ئۆ دی (IOD): پۆزەتیڤ بوونی گۆڕانکارییەکانی خۆرئاوای زەریای هیندی، و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی سەرڕووی ئاوەکانی باشووری زەریای ئەتڵەسی.

ئەم فاکتەرانە پێکەوە دەبنە هۆی ڕاکێشانی شێیەکی زۆر لە ناوچە کەمەرەییەکانەوە بەرەو دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست، ئەمەش وا دەکات حاڵەتەکانی دابارین لە مانگی پێنج و تەنانەت لە بەشێک لە ناوچەکان تا مانگی شەشیش بەردەوام بێت.

سەبارەت بە وەرزی هاوین، شاڵاو هیدایەت ڕووونیکردەوە، پێشبینییەکان دڵخۆشکەرن، ڕێژەی باران لە هاوینی ئەمساڵدا لە ساڵانی پێشوو زیاتر دەبێت. هەرچەندە چەند شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە ناوچەکە دەکەن، بەڵام بەراورد بە هاوینەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، هاوینی ئەمساڵ هێمن‌تر و کورتخایەنتر دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، کە چاوەڕوان دەکرێت چالاکیی بای شەماڵ لە هاوینی ئەمساڵدا زیاتر بێت، کە یارمەتیدەر دەبێت لە شکاندنی توندیی گەرما.لە کۆتاییدا، ئەمە تەنها پێشبینییە و زانیارییە وردەکان لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە