بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شەکر دروست دەکرێت.
هەڤاڵ سدیق، بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند “کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی شەکر بە سەرمایەی ١١٠ ملیۆن دۆلار، لە ناحیەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخان دروست دەکرێت، پرۆژەکە پەسەند کراوە و لە قۆناغی دابینکردنی زەویدایە، دواتر رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان دەست پێدەکات”.
وتیشی، “ئەم کارگەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بێوێنەیە و بۆ دابینکردنی ماددەی خاو پشت بە چاندنی چەوەندەر و قامیشی شەکر دەبەستێت، ئەمەش جووتیاران هان دەدات بەروبوومەکانیان بچێنن و کارگەکە لێیان دەکڕێتەوە، هەموو دەشتەکانیش بۆ ئەم جۆرە کشتوکاڵە گونجاون”.
هەڤاڵ سدیق ئاماژەی بەوەکرد “پرۆژەکە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک زۆر گرنگە و شەکری ٪١٠٠ سروشتی بەرهەم دەهێنێت لە جیاتی شەکری هاوردەکراو و دەستکرد”.
سەبارەت بە رەخساندنی دەرفەتی کار بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنان وتوشیەتی “پرۆژەکە لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ دەرفەتی کاری راستەوخۆ دەڕەخسێنێت و بە شێوەی ناڕاستەوخۆش هەزاران جووتیار و کرێکار سوودمەند دەبن”.
ئاشكراشی كرد، بەرهەمەکەشی جگە لە پارێزگای دهۆک و هەرێمی کوردستان، هەناردەی پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەش دەکرێت”.
