قوباد تاڵەبانی: چاکسازی لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە ئامادەبوونی کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی و ئەندامان و بەرپرسانی سەرجەم لقەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، هەڵسەنگاندن کرا بۆ چۆنێتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی چاکسازی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کە لە ساڵی ٢٠٢٣وە بەپێی ئەو پلانەی دانرابوو، دەست کراوە بە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی.

دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ورد، دەرکەوت لە دوای دەستپێکردنی چاکسازییەکان، لە ئێستادا پرۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیایەک کە پێشتر نزیکەی دوو مانگی دەخایاند و ٣١ هەنگاوی پێویست بوو، کورتکراوەتەوە بۆ ٢٤ کاتژمێر و بە شێوەی ئۆنلاینیش تۆمار دەکرێت، جگە لەوەش تێچووی تۆمارکردن بۆ ١٦٠ هەزار دیناری عیراقی کەم کراوەتەوە.

هەروەها چاکسازییەکان ئاسانکارییەکی زۆری بۆ گەنجان و ژنان دابین کردووە و لە دوو ساڵی رابردوودا رێژەی تۆمارکردنی کۆمپانیا لەلایەن ژنان و گەنجانەوە زیادی کردوە.

باس لەوەشکرا، دانانی یەکەی تۆماری کۆمپانیاکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەنیشتمانییکردنی کۆمپانیاکانی هەرێم و ئاسانکاریی زۆری کردووە لە پرۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکاندا.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی کرد لە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسان و سەرجەم فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کە زۆر بە باشی پلانی چاکسازییان جێبەجێ کردووە و بەبێ جیاوازی و بە شێوەیەکی پیشەیی خزمەتی هەموو هاووڵاتییانیان کردووە.

راشیگەیاند، پرۆسەی چاکسازی لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی چاکسازی لە کابینەی نۆیەمدا و کاریگەری بەرچاوی دەبێت لە گەشەپێدانی ئابووریی کوردستاندا.

بەڵێنیشی پێدان بۆ هەنگاوی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە بریتییە لە بە ئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان هاوکار و پشتیوانیان دەبێت لە چارەسەرکردنی هەر کێشە و گرفتێک کە رووبەڕوویان ببێتەوە.

تا ئێستا زیاتر لە ٤٣ هەزار کۆمپانیا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەوە تۆمار کراوە و لە ژمارەیە نزیکەی ١٥ هەزاریان بەرکار و چالاکن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە