پڕۆژەی ڕووناکی: پاشەکەوتی مانگی ڕابردووی هاووڵاتییان گەیشتە ٣.٢ ملیار دینار.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێترین ئاماری تایبەت بە سوودمەندبوانی پڕۆژەی “ڕووناکی” و بڕی ئەو پارەیەی بۆ هاووڵاتییان گەڕێندراوەتەوە بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەرکەوتووە تەنها لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا زیاتر لە ٣ ملیار دینار داشکاندن بۆ هاوبەشانی ماڵان کراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبا، لە چوارچێوەی بڕیاری داشکاندنی ٢٠٪ بۆ ئەو هاوبەشانەی لە ڕێگەی “ئی-پسوولە”وە پارە دەدەن، بڕی ٣.٢ ملیار دینار بۆ هاوبەشانی ماڵان گەڕێندراوەتەوە. ئەم بڕە پارەیە گوزارشت لەو داشکاندنە دەکات کە بۆ مانگی ئازار (مانگی ٣) لەسەر پسوولەکان هەژمار کراوە.
وەزارەت ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو هاوبەشانەی بڕی داشکاندنەکەیان لە بڕی پارەی پسوولەی مانگی سێ زیاتر بێت، پاشماوەی پارەکە بۆیان دەگوازرێتەوە بۆ مانگی داهاتوو و لەسەر قەرزی پێش “ڕووناکی” بۆیان دادەشکێندرێت.
داتاکانی مانگی ئازار (مانگی ٣):
کۆی پارەی گەڕێندراوە: ٣.٢ ملیار دینار.
ژمارەی هاوبەشانی سوودمەند: ١٣٣,٠٠٠ ماڵ.
تێکڕای بڕی گەڕاوە بۆ هەر ماڵێک: ٢٤,٠٠٠ دینار.
ژمارەی ئەو هاوبەشانەی پسوولەیان بووەتە (٠): ٢٠,٦٠٠ هاوبەش (بەهۆی سوودمەندبوون لە داشکاندنەکە).
٨٥٪ی کوردستان کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان هەیە
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە تاوەکو ئەمڕۆ، نزیکەی ٥.٥ ملیۆن هاووڵاتی (کە دەکاتە زیاتر لە ٨٥٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان) لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە بوونەتە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری. بەپێی نرخە نوێیەکان، ٨٠٪ی هاووڵاتییان، بەتایبەت چینە کەمدەرامەتەکان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بۆ مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی خەرجیان دەکرد.
پڕۆژەی ڕووناکی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە گەیاندنی کارەبای بەردەوامە بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦، کە ئێستا قۆناغی زۆر باشی بڕیوە و زۆرینەی هاووڵاتییان لێی سوودمەندن.
