سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، کە دۆخی غاز لە شارەکە جێگیرە و رۆژانە ١٢٠ تەن غاز دەگاتە شارەکە. هەروەها بڕیاردرا مانگانە دوو بوتڵ غاز بدرێتە هەر خێزانێک بۆ رێگریکردن لە قەیران.
عومەر عەبدوڵا، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قائیمقامییەتی سلێمانی، لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، کە دۆخی دابەشکردنی غاز لە سلێمانی جێگیرە و رۆژانە ١٢٠ تەن غاز دەگاتە شارەکە.
جەختی لەوەشکردەوە، کە سەرجەم بریکارەکانی غاز ئاگادارکراونەتەوە، کە پێویستە مانگانە دوو بوتڵ غاز بەسەر هەر خێزانێکدا دابەش بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەم بڕیارە وەک هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی قەیران و دڵنیابوون لەوەی کە هەموو خێزانێک بەشە غازی خۆی وەردەگرێت.
وتیشی، لە حاڵەتی بوونی هەر کێشەیەک لە دابەشکردنی غاز لە هەر گەڕەکێکدا، لیژنەکەیان بەدواداچوون دەکات و کارمەندی تایبەتیش رەوانەی ناو گەڕەکەکان دەکەن بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە و دڵنیابوون لە یەکسانی لە دابەشکردندا.
