وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، خستنەوەگەڕی بۆری نەوتی خاوی فیشخابور جەیهان لە قۆناغی كۆتایدایە و لە 600 هەزار بەرمیلەوە لە رۆژێکدا دەستپێدەکات و دەگاتە یەک ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی بۆری هەناردەکردنی نەوتی خاوی فیشخابور – جەیهان گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، جەختیشی لەوە کردەوە، ئامانجی پڕۆژەکە بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردنی وڵاتە، وەزارەتەکە هۆکاری دواکەوتنی کارکردنیشی بۆ رێکارە تەکنیکییەکان گەڕاندەوە.
ساحیب بەزون، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی ڕاگەیاندووە، بۆرییەکە تووشی هیچ کێشەیەکی جەوهەری نییە، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر پشتگوێخراوەو لە کاتی داگیرکاریی داعشدا زیانی بەرکەوتووە، ئەمەش پێویستی بە پشکنینی هەمەلایەنە و چاککردنەوەی هەبوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا کارەکان تایبەتە بە پشكنینی هایدرۆستاتیکی بەشی کۆتایی و گۆڕینی پەمپەکان بۆ دڵنیابوون لە کارکردنی بە سەلامەتی.
وتیشی، “بۆرییەکە بە توانای کارکردن لە 600 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستپێدەکات و دەگاتە یەک ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەناردەکردن و سەقامگیرکردنی دابینکردن”.
