پارێزگاری هەڵەبجە ئاشكرای دەكات، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایسپاردوون بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست و پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو بەرکەوتووانەی چەكی كیمیایی کە تاوەکوو ئێستا لە ماف و ئیمتیازاتەکان سوودمەند نەبوون.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بڵاویكردەوە: “دوای هەوڵ و بەدواداچوونی بەردەواممان بۆ خزمەتکردنی زیاتری ئەو ئازیزانەی کە بەركەوتەیی چەکی کیمیایین بە سوپاسەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی پارێزگاکەمانی ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست و پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو بەرکەوتووانەی کە تاوەکوو ئێستا لە ماف و ئیمتیازاتەکان سوودمەند نەبوونە”.
ئاشكرای كردووە: “بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ سێ شهممه 28ی نیسانی 2026، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتیی شەهیدان و تەندروستی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتمان لە دیوانی پارێزگا كرد، بە مەبەستی تاووتوێکردنی چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەم ڕاسپاردەیە و دانانی میکانزمێکی گونجاو و خێرا بۆ ڕێکخستنەوەی دۆسیەکان و دابینکردنی مافە یاساییەکانیان”.
پارێزگاری هەڵەبجە جەختی كردووەتەوە، كە حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بە ئەرکێکی مرۆیی و نیشتمانی دەزانێت و هەمیشە لە هەوڵی بەردەوامدا دەبن بۆ گەیاندنی هەموو شایستەکانیان.
