کاتی بەڕێکەوتنی حاجییانی کوردستان بۆ سعوودیە هەفتەیەک لەو وادەیە دواخرا کە پێشتر دانرابوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەرچەندە بڕیار بوو رۆژی 6ـی ئایار یەکەم کاروانی حاجییان بەرەو مەککە بەڕێبکەوێت، بەڵام وادەکە بۆ رۆژی پێنجشەممە، 12ـی ئایاری 2026، دواخرا.
ئەوەشی خستەڕوو، هەموو حاجییانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان پێنج هەزار و 122 کەسە؛ بە سێ کاروان دەگەیەنرێنە شاری مەککەی سعوودیە و پرۆسەکەش تا رۆژی یەکشەممە، 15ـی ئایار بەردەوام دەبێت.
بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج ڕوونیشی کردەوە، حاجییان لە رێگەی پاسەوە دەگەیەنرێنە دەروازەی سنووریی عەرعەری سعوودیە، دواتر لە رێگەی فڕۆکەوە دەگوازرێنەوە بۆ شاری جەددە و لەوێشەوە بە پاس بۆ شاری مەککەی پیرۆز بەڕێدەکەون.
رۆژگار جەعفەر جەختی لەوە کردەوە، خواردن، خواردنەوە، شوێنی مانەوە، پێداویستیی پزیشکی و هەموو خزمەتگوزارییەکان بۆ حاجییان دابین کراون و هەر لە کاتی چوونیانەوە تا گەڕانەوەیان، بە باشترین شێوە خزمەتیان دەکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسانەی ناویان بۆ فەریزەی حەج دەرچووە، لە ئەمڕۆوە دەتوانن بڕی دوو هەزار دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق (130 هەزار دینار) وەربگرن.
