بارانبارینی بەخوڕ، هەورەبروسکە و تەرزە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە کەشوهەوای ناوچەکە بۆ ئەمڕۆ سێشەممە و سبەی چوارشەممە بە ناسەقامگیری دەمێنێتەوە. بەپێی پێشبینییەکان، ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواودا دەبێت و ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ، هەورەبروسکە و تەرزە لە زۆربەی ناوچەکان لە ئارادایە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، لە کاتەکانی نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆدا، سەنتەری پارێزگای هەولێر و ناوچە دەشتاییەکان ئەگەری بارانیان هەیە، لە کاتێکدا ناوچە شاخاوییەکانی سۆران بارانی لێزمە و هەورەبروسکەیان تێدا دەبێت. لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووکیش باران و هەورەبروسکە دەبێت، بەتایبەت لە باشووری سلێمانی کە ئەگەری بارانی بەخوڕ و تەرزە هەیە.

کەشناسی هۆشداری دەدات کە لە ئێوارەی ئەمڕۆدا ناسەقامگیری کەشوهەوا لە ئیدارەی گەرمیان زیاد دەکات. پێشبینی دەکرێت بارانێکی لێزمەی بەردەوام و هەورەبروسکە زۆربەی ناوچەکە بگرێتەوە، ئەمەش لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەندێک ناوچەدا.

سەبارەت بە سبەینێ چوارشەممە، کەشناسی پێشبینی دەکات لە کاتەکانی بەیانی زوودا بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان بەردەوام بێت. هەرچەندە لە نێوان بەیانی تا دوای نیوەڕۆ ئاسمان بەرەو نیمچە هەور دەچێت، بەڵام لە دوای نیوەڕۆوە دووبارە ناسەقامگیری گەڕێکی تری بارانبارینی بەهاری دەستپێدەکاتەوە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی لێزمە باران و تەرزە لە ناوچە شاخاوییەکاندا.

ڕوونیشیکردەوە کە خێرایی با لە حاڵەتی ئاساییدا لە نێوان (١٠-٢٠) کم/ک دەبێت، بەڵام لە کاتی بارانبارین و ناسەقامگیریدا بۆ سەرووی ٢٥ کم/ک زیاد دەکات.

کەشناسی هۆشداریشی دا کە بەهۆی بەرزیی ڕادەی شێ لە هەوادا، ئەگەری گۆڕانکاریی کتوپڕ لە کەشوهەوادا زۆرە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت لە کاتی بارانی بەخوڕ و هەورەبروسکەدا ئاگاداری خۆیان بن، بەتایبەت لەو ناوچانەی ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاویان لێ دەکرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە