مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، گەرووی هورمز چەکێکی ئەتۆمی ئابوورییە و ئێران هەوڵ دەدات لە دژی جیهان بەکاریبهێنێت.
مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “فۆکس نیوز” سەبارەت بە سروشتی وەڵامی ئەمریکا لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن لەگەڵ ئێران وتی: “ئەمە بڕیاری سەرۆک دۆناڵد ترەمپە، بەڵام ئاستی سزاکان و ئەو فشارەی خراوەتە سەر ئێران بێوێنەیە و پێموایە دەکرێت ڕێکاری زیاتریش بگیرێتەبەر.”
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێرانییەکان جددین لەوەی خۆیان لەو تەنگژەیەی تێیکەوتوون ڕزگار بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕاشیگەیاند، هەموو ئەو کێشانەی پێش دەستپێکردنی ئەم ململانێیە هەیانبووە، ئێستا خراپتر بوون؛ ئێستا تەنها نیوەی ژمارەی پێشووی مووشەکەکانیان ماوە و نە کارگەشیان ماوە نە هێزی دەریایی.
سەبارەت بە گەرووی هورمزیش، مارکۆ ڕوبیۆ ڕایگەیاند، گەرووی هورمز چەکێکی ئەتۆمی ئابوورییە و ئێران دەیەوێت لە دژی جیهان بەکاریبهێنێت.
جەختیشی کردەوە کە گەمارۆکانی ئەمریکا تەنها لەسەر کەشتیگەلی ئێرانییە، نەک هاتووچۆی دەریایی، چونکە “نابێت ئەوان تەنها سوودمەند بن لە سیستمێکی نایاسایی و ناڕەوا بۆ سەپاندنی باج و کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە.”