مارکۆ ڕوبیۆ: قبوڵ ناکەین ئێران ڕێڕەوە ئاوییەکان بە بارمتە بگرێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ڕێگە نادەین ئێران بڕیار لەسەر ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بدات.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی بەرامبەر هەوڵەکانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکان ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە واشنتن ڕێگە بە هیچ جۆرە هەڕەشە و سەرانەستاندنێک لەو ناوچانە نادات.

ڕوبیۆ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی “فۆکس نیوز” ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکات ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان ببنە بارمتەی دەستی ئێران، چ لە ڕێگەی دروستکردنی ئاستەنگ (پەڵپگرتن) یان بەکارهێنانی هەڕەشەی سەربازییەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی لە هەر هەوڵێک گرت کە بیەوێت پرسی کردنەوەی گەرووەکان ببەستێتەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ تاران و وتی: “ئەگەر مەبەستیان لە کردنەوەی گەرووەکان هەماهەنگی بێت لەگەڵ ئێران، ئەوا ئەمە بە کردنەوەی گەرووەکان هەژمار ناکرێت.”

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، مارکۆ ڕوبیۆ جەختی لەسەر پاراستنی سیستەمی نێودەوڵەتی کردەوە و ڕایگەیاند، ئەمانە ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتین و ڕێگە نادەن ئێران سیستەمێکی نوێ بسەپێنێت کە تێیدا تاران بڕیار بدات کێ مافی تێپەڕبوونی هەیە و بڕی چەند پارە (سەرانە) بدەن بۆ بەکارهێنانی ئەو ڕێڕەوانە.

ئەم لێدوانانەی ڕوبیۆ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە و هەڕەشەکان بۆ سەر هێڵەکانی گواستنەوەی وزە و بازرگانیی جیهانی لە دەریای سوور و گەرووی هورمز ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە