بڕیارێکی بەپەلە بۆ شۆفێرانی بارهەڵگر

هاتوچۆی هەرێم: لێخوڕینی بارهەڵگری سەروو ٤ تەن بە ژمارەی کاتی قەدەغە کرا.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ، بڕیارێکی نوێی ئاڕاستەی شوفێرانی بارهەڵگر و ئامێرەکانی بیناسازی کرد و تێیدا هۆشداری دەدات لە پابەندبوون بە ڕێکارە یاساییەکان و مەرجەکانی سەلامەتی.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە ئەڕۆ دووشەممە (٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦) بڵاوکراوەتەوە، لە ڕێکەوتی ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦ بەدواوە، کارکردن و گواستنەوەی بار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و بیناسازی کە کێشەکەی لە (٤) تەن زیاتر بێت و خاوەنی ژمارەی کاتی بێت، قەدەغەیە. ئەم بڕیارە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە ئۆتۆمبێلەکە بە فەرمی تۆمار دەکرێت و تابلۆی هەمیشەیی وەردەگرێت.

هاتوچۆی هەرێم جەختی کردووەتەوە، کە ئەو بارهەڵگرانەی تۆمارکراون، دەبێت بە شێوەیەکی دروست و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا پشکنینی ساڵانە بۆ دڵنیابوون لە مەرجەکانی سەلامەتی ئەنجام بدەن. ئامانج لەم بڕیارە ڕێگریکردنە لە ڕووداوی نەخوازراو و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و شۆفێران.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هەر شۆفێرێک پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت، بارهەڵگرەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت و ڕووبەڕووی سزای دارایی قورس دەبێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و مەفرەزەکانیان ڕاسپێردراون کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر و بڕیارەکە جێبەجێ بکەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە