ستکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆوە؛ بڕیاری کەمکردنەوەی سزا مێژووەکەی بەسەرچووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ڕاستکردنەوەیەکی بەپەلە بۆ ئەو هەواڵە بڵاودەکاتەوە کە دوێنێ لە لاپەڕەی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا بڵاوکرابووەوە و تێیدا ئاماژە بە کەمکردنەوەی سزای نەبەستنی پێوەری ئاو کرابوو.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ داوای لێبووردن لە هاووڵاتییان دەکات و ڕایدەگەیەنێت: “ئەو هەواڵەی دوێنێ بڵاوکرایەوە کە باسی لە کەمکردنەوەی سزای نەبەستنی پێوەری ئاو لە ٤٠ هەزارەوە بۆ ٢٠ هەزار دینار دەکرد، بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە بووە و زانیارییەکە کۆنە.”
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت دەکاتەوە، کە ئەو ئاسانکارییانەی باس کرابوون، پەیوەندییان بە بڕیارێکی پێشووتری ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەبووە و لە ئێستادا وادەی کارکردن بەو بڕیارە کۆتایی هاتووە، بۆیە هیچ ئاسانکارییەک لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بۆ ئەو ماڵانە لە ئارادا نییە کە پێوەریان نەبەستووە.
لە هەواڵە هەڵەکەدا ئاماژە بە لێدوانێکی پێشووتری ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ کرابوو، کە تێیدا هاتبوو سزای نەبەستنی پێوەر بۆ سەنتەری شارەکان بۆ ٢٠ هەزار و بۆ دەرەوەی شارەکان بۆ ١٠ هەزار دینار کەم دەکرێتەوە. بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی دەکاتەوە: “ئەم ئاسانکارییانە لە ڕابردوودا تەنها وەک دەرفەتێک بووە بۆ پاکتاوکردنی قەرزەکان و هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەستنی پێوەر، بەڵام لە ئێستادا ئەو دەرفەتە نەماوە.”
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژەی بەوەش داوە، کە ئامانجی سەرەکیی حکومەت لەو بڕیارانەی پێشتر جێبەجێ کران، پاراستنی سامانی ئاو و ڕێگریکردن بووە لە بەفیڕۆدانی، تاوەکو سیستەمێکی دادپەروەرانە پەیڕەو بکرێت و هاووڵاتییان تەنها پارەی ئەو بڕە ئاوە بدەن کە بەکاری دەهێنن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە جارێکی تر داوای لێبووردن لە هاووڵاتییان دەکات بۆ هەر تێگەیشتنێکی هەڵە کە دروست بووە، و داوا دەکات تەنها پشت بەو بڕیار و ڕێنماییە نوێیانە ببەستن کە بە شێوەی فەرمی و بە بەرواری نوێ لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیانەوە بڵاودەکرێنەوە.
