قائیمقامی هەڵەبجە ڕایگەیاند، بەهۆی بچووکی بازاڕ و نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل، داوا لە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەکرێت سەنتەری شار جێبهێڵن و دەشڵێت: ئەم بڕیارە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی جەنجاڵی و ئەمنییە.
سمکۆ سالار، قائیمقامی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە بازاڕی شاری هەڵەبجە لە ساڵانی هەشتاکانەوە فراوان نەکراوە و ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و دروستبوونی جەنجاڵی لە ناو بازاڕدا.
قائیمقام ئاشکراشی کرد، بەڵگەیان لەبەردەستە کە هەندێک شۆفێر تابلۆی فەرمی ئۆتۆمبێلەکەیان لابردووە و کردوویانەتە بێ سەرەتا بۆ ئەوەی سزای یاسایی نەدرێن، ئەمەش کێشەی ئەمنیی گەورە دروست دەکات و ڕێگرە لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژ بەوانە.
دەشڵێت: بڕیاردراوە داوا لە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بکرێت بە هیچ شێوەیەک سەنتەری شار نەیەنە ناوەوە، چونکە شێوازی وەستانی ئۆتۆمبێلەکانیان کێشەی زۆری بۆ شارەکە دروستکردووە.
