کەمیی کەرەستەی خاو و بەرزبوونەوەی نرخ؛ قەیرانی پیشەسازیی ئەلیکترۆنیات لە جیهاندا قووڵتر دەبێتەوە.
سەرچاوەکان لە کەرتی ئەلیکترۆنیات، ئەمڕۆ دووشەممە (٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦) ڕایانگەیاند، ئەو جەنگە بەردەوامەی پەیوەستە بە ئێرانەوە، بووەتە هۆی پەککەوتنی بەرفراوانی زنجیرەی دابینکردنی کەرەستە خاوە سەرەکییەکان بۆ پیشەسازیی ئەلیکترۆنیات. ئەمەش ڕاستەوخۆ ڕەنگی داوەتەوە لەسەر بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان لە ژمارەیەک وڵات و کارگەی جیهانیدا.
بەپێی ئەوەی ئاژانسی “ڕۆیتەرز” لە سەرچاوەکانی ئەو کەرتەوە گواستوویەتییەوە، “یەکێک لە دیارترین کاریگەرییەکان بریتین لە پەککەوتنی دابینکردنی ئەو مادە سەرەتاییە گرنگانەی لە دروستکردنی پێکهاتە ئەلیکترۆنییەکاندا بەکاردێن، بەتایبەتی ئەو مادانەی دەچنە ناو بەرهەمهێنانی ‘تەختە ئەلیکترۆنییەکان’ (Printed Circuit Boards). ئەم تەختانە توخمێکی بنەڕەتین لە زۆربەی ئامێرە مۆدێرنەکاندا، وەک مۆبایلی زیرەک، کۆمپیوتەر و سێرڤەرەکانی ژیریی دەستکرد.”
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەم پەککەوتنە دەرەنجامی فراوانبوونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیە، کە کاریگەریی کردووەتە سەر زنجیرەکانی گواستنەوە و باری دەریایی، هەروەها دابینکردنی ئەو مادە کیمیایی و پیشەسازییانەی لە دروستکردنی ئەلیکترۆنیاتدا بەکاردێن.
ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە، کە “جەنگەکە بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی نرخی تەختە ئەلیکترۆنییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەرەستەی خاو کەم بووەتەوە و خواستێکی زۆری جیهانیش لەسەریان هەیە، بەتایبەتی بەهۆی فراوانبوونی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد و سەنتەرەکانی داتاوە.”
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە نرخی هەندێک لە پێکهاتەکان بە شێوەیەکی زۆر بەرز بووەتەوە بەهۆی کەمیی مادە بنەڕەتییەکانی وەک: ڕێژینەکان (Resins)، ڕیشاڵە شووشەییەکان (Fiberglass)، مس (Copper)، ئەمانە توخمە سەرەکییەکانی پیشەسازیی ئەم تەختە ئەلیکترۆنییانەن.
شارەزایانی پیشەسازییەکە جەختیان کردووەتەوە کە “بەردەوامبوونی ئەم پەککەوتنانە لەوانەیە ببێتە هۆی فشارێکی زیاتر لەسەر نرخی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە جیهاندا، چونکە ئەم کەرتە پشت بە زنجیرە دابینکردنێکی تێکەڵاو دەبەستێت کە بەرامبەر هەر گرژییەکی جیۆپۆلیتیکی هەستیارە.”
سەرچاوە: ڕۆیتەرز
