ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکی تونددا بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی، حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی بە “بێتوانا” وەسف دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی سوورە لەسەر زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکان و سەقامگیریی ناوخۆیی عێراق.
بەپێی سەرچاوەکانی کەناڵی “حەدەس”، واشنتۆن لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە حکومەتی بەغدا و چوارچێوەی هەماهەنگی “هاوبەشن لە شکست و دزیکردندا”.
جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا نامەیەکی فەرمی ئەمریکای ئاراستەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و حکومەتی سودانی کردووە و ڕەخنەی زۆر توندی ئاراستە کردوون.
هاوکات، ئامادەبوونی ئەبو ئالا وەلائی لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بە ئاڵنگارییەک بۆ ئەمریکا دادەنێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ناوی خرایە لیستی داواکراوانەوە.
دەقی پەیامە بڵاوکراوەکەی ئەمریکا بۆ بەغدا:
بە هیچ شێوەیەک سەرسام نین بە پێداگریی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر فەرامۆشکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و عێراقییەکان و سەقامگیریی دەوڵەت؛ بێباکانە بەرامبەر شایستە دەستوورییەکان و پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پاڵپشتییەکانی واشنتن بۆ بەغدا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووبارە جەخت دەکاتەوە کە حکومەتی بەغدا لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوبەشی شکست و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و دزینی پارەی دەوڵەتن، هەروەها هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی خەڵک و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان و فڕۆکەخانەکان و هەرێمی کوردستان، و هەڕەشەکردن لە نێردە دیپلۆماتییەکان و بۆردومانکردنی باڵیۆزخانە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
هەموو ئەمانەش لەلایەن لایەن و گروپ و میلیشیا ناسراوەکانەوە دەکرێن کە لەلایەن حکومەتەکەی سوودانی و هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پاڵپشتی دەکرێن.
بوونی کەسێک بە ناوی (ئەبو ئالا وەلائی) و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لە خستنەناوی بۆ لیستی گرنگترین داواکراوەکانی واشنتن، هیچ نییە جگە لە بەڵگەیەکی تەحەدایەکی ڕاشکاو و ئاشکرا بۆ ئیدارەی ترەمپ و حکومەتی ئەمریکا.
لەبەر ئەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەنگاوی توندتر و یەکلاکەرەوەتر دەگرێتەبەر لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر لایەنێکی سیاسیی عێراقی کە مامەڵە لەگەڵ گروپە چەکدارەکاندا دەکات، ئەوانەی خاوەنی میلیشیا و گروپن و لەژێر پەردەی دەوڵەتدا خۆیان حەشارداوە.
بۆمان دەرکەوتووە، کاتێک چاودێری دیمەنی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکەین، کە حکومەتی عێراق دەستەوەستانە لە ڕێگریکردن لە قاچاخچێکردنی دراوی سەختە (دۆلار) کە شایستەی عێراقییەکانە، و ناتوانێت ڕێگری بکات لە بردنی بۆ دەرەوە و دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن چینە دەسەڵاتدارەکانەوە.
هەروەها دەستەوەستانە لە ئاست دۆسیەکانی تیرۆرکردن و پاکتاوکردن و سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و مەدەنییەکان و ئەوانەی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای میلیشیاکان و ئەو حکومەتەی چوارچێوە پێکیهێناوە ناکۆکن.
بۆیە:
بە توندی ڕەتیدەکەینەوە هەر دەرەنجامێک لەم گروپانەوە بێتە ئاراوە، و هەر ناوێک بۆ سەرۆک وەزیران کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕای لەسەری نەبێت، قبوڵکراو نابێت.
