بەپێی گێڕانەوەی کوڕی شۆفێری ئەو بارهەڵگرەی کە ئەمڕۆ لە کەرکووک خۆی بە چەندین ئۆتۆمبێلدا کێشا و بە هۆیەوە شەش هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا، ئۆتۆمبێلەکەیان لە وێستگەی کێشی چیمەنەوە ئیستۆپی تێدا نەماوە.
کوڕی شۆفێرەکە کە باوکیشی لە ڕووداوەکەدا گیانی لەدەستدا لە کاتی قسەکردنی بۆ بەڕێوەبەری هاتووچۆی کەرکووک ڕایگەیاند، لەو کاتەی کە بارهەڵگرەکە لە بەرزاییەکەی وێستگەی کێشی چیمەنوە بەرەو خوار بووەتەوە، باوکی هەستی پێکردووە کە ئیستۆپەکان لە کار کەوتوون و هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا نەماوە، ئەمەش بووەتە سەرەتای دروستبوونی مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی خۆیان و هاووڵاتییان.
کوڕی شۆفێرەکە ئاماژە بەوە دەکات کە مەودای نێوان شوێنی تێکچوونی ئیستۆپەکە و شوێنی ڕووداوەکە نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ کیلۆمەتر بووە. لەو ماوەیەدا خێرایی ئۆتۆمبێلەکە تا دەهات زیاتر بووە و هەموو هەوڵەکانی باوکی، لەوانە ڕاکێشانی “هاند برێک” و بەکارهێنانی ئامرازەکانی تری خاوکردنەوە، بێسوود بووە.
ئەم زیادبوونی خێراییە وای کردووە کە شۆفێرەکە نەتوانێت ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکە بەرەو ڕێگەکانی دەرەوەی شار یان شەقامی بازنەیی بگۆڕێت.
سەبارەت بەوەی بۆچی ڕێگەی تریان هەڵنەبژاردووە، کوڕەکە ڕوونی کردەوە کە خێراییە زۆرەکەی بارهەڵگرەکە ڕێگەی پێ نەداون پێچ بەرەو ڕێگەی هەولێر یان سەر پردەکە بکەنەوە، چونکە مەترسی وەرگەڕان و زیادبوونی زیانەکانی لێ دەکەوتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە باوکی هەوڵی داوە بە ئاراستەیەکی ڕاست بڕوات تاوەکو ڕووداوەکە کەمترین زیانی هەبێت، بەڵام دواجار بەهۆی نەمانی هیچ جۆرە کۆنتڕۆڵێک، ئەو کارەساتە هاتوچۆیە لەناو شاردا ڕووی داوە.
