درۆنی درۆن هەڵگر پەیدابوو

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: ڕووسیا فڕۆکەیەکی سیخوڕی دەکاتە “دایکی درۆنەکان”.

پێگەی “بزنس ئینسایدەر”ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، فڕۆکەیەکی سیخوڕی ڕووسی لە مەودای ناوەند، لە ئاسمانی ناوچەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بینراوە کە لە ژێر باڵەکانیدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە جۆری (FPV) هەڵگرتبوو.

بۆ یەکەمجار وێنەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی ڕووسی بڵاوکرایەوە، کە جگە لە ئەرکە سەرەکییەکانی وەک چاودێری، دەستنیشانکردنی ئامانج و بەهێزکردنی ئاماژەکان (سیگناڵ)، ئەرکێکی نوێی پێ سپێردراوە، ئەویش هەڵگرتن و هەڵدانی درۆنە خۆکوژەکانی جۆری (FPV)یە.

باس لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “ئۆڕلان-٣٠” (Orlan-30) دەکرێت، کە جووتێک درۆنی (FPV) بچووکی لە ژێر باڵەکانیدا جێگیر کراوە. ئەم درۆنە هێرشبەرانە لە ژێر باڵە درێژەکانی فڕۆکە دایکەکە بەستراون، کە درێژییەکەی دەگاتە ٣ مەتر، هاوکات پسپۆڕانی ڕووسیا ئامێری گواستنەوەی ئاماژەکانیان (Signal Relay) لە ناو جەستەی فڕۆکەکەدا شاردووەتەوە.

پێگەی “بزنس ئینسایدەر” ئاماژەی بەوە کردووە، پێشتر ڕووسیا فڕۆکەکانی “گێران” و “گێربیرا”ی وەک پلاتفۆرمی هەڵگرتنی درۆن بەکارهێناوە، بەڵام “ئۆڕلان-٣٠” بەوە جیا دەکرێتەوە کە پلاتفۆرمێکی فرەبەکارهێنانە و دەتوانرێت چەندین جار سوودی لێ وەربگیرێتەوە.

گرنگیی ئەم داهێنانە سەربازییە لە دوو خاڵدایە:

١. فراوانکردنی مەودا: بەکارهێنانی فڕۆکەیەکی دایک وەک هەڵگر، وادەکات مەودای کارکردنی درۆنە بچووکەکان (FPV) بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

٢. بەهێزکردنی سیگناڵ: بوونی ئامێری گواستنەوەی ئاماژە لەناو فڕۆکە دایکەکەدا، وادەکات درۆنە هێرشبەرەکان لە دوورترین مەوداشدا پەیوەندییان بە بنکەی سەرەکییەوە نەپچڕێت.

بزنس ئینسایدەر پێی وایە دەرکەوتنی ئەم پلاتفۆرمە نوێیە داهێنانێکی زیاترە و نیشانی دەدات چۆن دەکرێت تەکنەلۆژیا سادەکان تێکەڵ بکرێن بۆ بەدەستهێنانی کاراییەکی سەربازیی زۆر باڵا لە مەیدانی جەنگدا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە