سەرۆكی ئەمریكا كۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ ئێران “بەزوویی” ڕادەگەیەنێت و دەشڵێت: ئێمە سەردەكەوین و ئێران نابێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
ئاژانسی (فۆکس نیوز) لە زاری دۆناڵد ترەمپ-ەوە بڵاویكردەوە، ئەگەر ئێرانییەکان دەیانەوێت قسە بکەن، دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن و دەتوانین لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە وتووێژەکان ئەنجام بدەین.
ڕاشیگەیاند، نابێت ڕێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئەوەی ئێمە کردمان دەبوو لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا ئەنجام بدرایە و بەوەی لەبارەی ئێرانەوە ئەنجامی دەدەین، خزمەتێک بە جیهان پێشکەش دەکەین.
وتیشی، “ئێمە هەموو کارتەکانمان بەدەستەوەیە و ئێران هیچ کارتێکی نییە، ئەگەر دەیانەوێت دانوستان بکەن دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن. هەندێک لەو کەسانەی ئێستا لە پرسی ئێراندا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین زۆر عاقڵانەن و هەندێکی تریان وا نین”.
ئاماژەی بەوەشدا، ململانێیەکی ناوخۆیی زۆر لە ناو ڕژێمی ئێراندایە و ئێمە بە سەرکەوتوویی دێینە دەرەوە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ هۆشداری ئەوەشی دا، “هیوادارم ناچار نەبین پەنا بۆ ڕێکاری سەربازی ببەین لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەی لە ڕژێمی ئێران ماوەتەوە. تۆزی ئەتۆمیی ئێران دەبەین و ئەوەش بەشێکە لە دانوستانەکانمان”.
