بەڕێوەبەری گشتی ئاو: هەولێر هەنگاوێکی مەزن بەرەو سەقامگیریی ئاو دەنێت

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بە تەواوبوونی 100%ی وێستگەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرا هەولێر هەنگاوێکی مەزن بەرەو سەقامگیریی ئاو دەنێت.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، مژدەی کۆتاییهاتنی کارەکانی وێستگەی سەرەکیی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری ڕاگەیاند، کە بە ڕێژەی 100% کارەکانی جێبەجێ کراون و دەڵێت: ئەم پڕۆژە ستراتیژییە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ پایتەخت هەژمار دەکرێت و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە تەواوی بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.

وتیشی، “کارەکانی پڕۆژەکە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و تا ئێستا 85%ی کۆی گشتیی ئەرکەکان بە سەرکەوتوویی ئەنجام دراون، ئەم هەنگاوە تەنیا دروستکردنی وێستگەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو کارێکی ژێرخانیی گەورەیە کە بریتییە لە بەستنەوەی هەر سێ وێستگەی فریاگوزاریی ئاو بە تۆڕە سەرەکییەکانی ناو شاری هەولێرەوە، ئەمەش گەرەنتی گەیشتنی ئاو بە ڕێژەیەکی جێگیر بۆ گەڕەکەکان دەکات”.

ئاشكراشی كرد، ئەم پڕۆژەیە کە لە 25ی نیسانی 2026 وەک وادەی کۆتاییهاتنی قۆناغەکان ئاماژەی پێ دراوە، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هەموو دانیشتووانی شارەکە دەبێت، لە ڕێگەی بەستنەوەی هێڵە سەرەکییەکان بە تۆڕەکانی ناو شار، کێشەی کەمئاوی لە زۆرێک لە ناوچەکان بە یەکجاری چارەسەر دەبێت و دۆخی دابەشکردنی ئاو دەچێتە قۆناغێکی نوێ و پێشکەوتووەوە.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بەو گرفتانەی، کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە وەرزی گەرمادا ڕووبەڕووی هاووڵاتییان دەبووەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە