بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان و ڕێکخستنەوەی سیستمی ئاو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی ئاسانکاریی ڕاگەیاند. بەپێی ئەم بڕیارە، ئەو ماڵانەی تا ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە، دەرفەتێکی زێڕینیان بۆ دەڕەخسێت قەرزە کۆنەکانیان بسڕنەوە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو ماڵانەی لە ناو سەنتەری شارەکانن و بەهۆی نەبەستنی پێوەرەوە 40 بۆ 80 هەزار دیناری قەرزی مانگانەیان لەسەرە، ئەگەر پابەندی بەستنی پێوەر بن، تەنیا 20 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت بۆ مانگێك.
وتیشی، “دانیشتووانی دەرەوەی سەنتەری شارەکانیش تەنیا بڕی 10 هەزار دیناری مانگانە بۆ پاکتاوکردنی قەرزەکانیان دەدەن”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم دەستپێشخەرییە لە چوارچێوەی ستراتیژێکی گشتگیرە بۆ پاراستنی سامانی ئاو و ڕێگرییکردن لە بەفیڕۆدانی، تا هاووڵاتییان تەنیا بەرانبەر ئەو بڕە ئاوە پارە بدەن کە بەکاری دەهێنن.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان دەكات، “ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و بە یاساییکردنی بەکارهێنانی ئاو، بارگرانییەکانی سەر شانیان کەم بکەنەوە”.
