تەنگژەی پێکهێنانی حکومەت؛ ململانێی مالیکی و سوودانی عێراق دەخاتە بەردەم بۆشاییەکی یاسایی
تەنها چەند کاتژمێرێکی کەم ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وادە دەستوورییەکە و ململانێی نێوان جەمسەرە سەرەکییەکانی ناو ماڵی شیعە بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران گەیشتووەتە بنبەست. تا ئەم ساتە هیچ ئاماژەیەک بۆ ڕێککەوتن لە ئارادا نییە و پڕۆسەی سیاسی کەوتووەتە ناو لێڵییەکی گەورەوە.
بەپێی زانیارییەکان، کێشەی سەرەکی لە سووربوونی هەریەکە لە نووری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانییە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران. سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ کامیان ئامادە نین بۆ ئەوەی تریان پاشەکشە بکەن، ئەمەش هەموو هەوڵەکانی بۆ یەکخستنی هەڵوێستی “چوارچێوەی هەماهەنگی” پەکخستووە.
وادەی ١٥ ڕۆژەی دەستوور بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران ئەمشەو کاتژمێر ١٢ کۆتایی دێت. سەرکردە باڵاکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پشت پەردەوە لە هەوڵی بەردەوامدان و چەندین کۆبوونەوەی دووقۆڵییان ئەنجام داوە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ناکۆکیی نێوان جەمسەرەکان تێپەڕێنن. عێراق ڕووبەڕووی بۆشاییەکی یاسایی دەبێتەوە، چونکە دەستوور هیچ سزایەکی ڕوونی بۆ تێپەڕاندنی ئەم وادەیە دیاری نەکردووە.
لە ئەگەری نەگەیشتنە ڕێککەوتن تا نیوەشەو، پێشبینی دەکرێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت و لایەنەکان جارێکی تر پەنا بۆ دەسەڵاتی دادوەری ببەن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لەم قەیرانە. ململانێی توندی نێوان مالیکی و سوودانی نەک تەنها پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی پەکخستووە، بەڵکو تەواوی پڕۆسەی سیاسی عێراقی خستووەتە بەردەم ئەگەرێکی نادیار.
