دادگایی کردنی بەشار ئەسەد لە دیمەشق دەستیپێکرد

ئەمڕۆ یەک شەممە، یەکەمین دانیشتنی دادگایی کردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەکارلادراوی سووریا و ماهیر ئەسەدی برای بەبێ ئامادەبوونی خۆیان، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەسەڵاتی پێشوو بەڕێوەچوو.

یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانەش عاتف نەجیب، بەرپرسی پێشووی ئەمنی بوو، کە لە دادگاکەدا ئامادە بوو.

ئەم دانیشتنە کە بە شێوەی پاشملە (غیابی) بۆ ئەسەد و برایەکەی بەڕێوەچوو، هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ لێپێچینەوە لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی “فرانس پرێس” کە لە سەرچاوەیەکی دادوەریی سووریاوە دەستی کەوتووە، لە کاتێکدا ئەسەد و براکەی ئامادە نەبوون، بەڵام ژمارەیەک لە فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکانی پێشوو لەناو هۆڵی دادگادا ئامادە بوون. دیارترینیان (عاتیف نەجیب) بوو، کە بە کەلەپچەکراوی هێنرایە بەردەم دادوەر؛ ناوبراو خزمێکی نزیکی ئەسەدە و پێشتر بەرپرسی ئاسایشی سیاسی بووە لە پارێزگای دەرعا، کە وەک چەخماخەی دەسپێکی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١١ دادەنرێت.

دادوەر فەخرەدین عەریان رایگەیاند کە ئەمڕۆ یەکەمین دادگایی کردنی دادپەروەریی راگوزەر لە سووریا دەستپێدەکەین، کە تۆمەتباری دەستگیرکراو و هەڵاتوو لەخۆدەگرێت، پاشان ناوی لیستی درێژی لە بەرپرسانی رژێمی پێشوو خوێندەوە کە بە غیابی دادگایی دەکرێن، لە سەروویانەوە بەشار ئەسەد.

بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024دا بەرەو روسیا هەڵات دوای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە.

دادوەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ نەجیب نەکرد و دانیشتنەکەی بۆ رۆژی 10ی ئایار دواخست.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە