مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ محەمەد شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامدا.
میدیای ئێران بڵاویكردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ڕایگەیاندووە، “تاران لەژێر فشار و هەڕەشە یان گەمارۆدا ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستان رەتدەکاتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە “تاوەکو دوژمنکاریی و فشارەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، متمانە و پێشکەوتن لە رێڕەوی دیالۆگدا رووبەڕووی سەختییەکی زۆر دەبێتەوە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوێنێ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران چووە پاكستان و پڕۆژەی وڵاتەكەی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا ڕادەستی پاكستان كرد و دواتر بێ چاوەڕێ كردنی گەیشتنی شاندی ئەمریكا ڕۆیشت بەرەو عەممان و بڕیارە ئەمڕۆش پێش ئەوەی سەردانی ڕوسیا بكات جارێكی دیكە سەردانی پاكستان بكاتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوێنێ ترەمپ ڕایگەیاند، شاندی دانوستانكار نانێرنە پاكستان و پێویست ناكات 8 كاتژمێر ڕێگەببڕن و دەكرێت هەركات ئێران ویستی پەیوەندییان پێوە بكات و بە تەلەفۆنیش دانوستان دەكرێت.
