وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاند، کە پڕۆسەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی خوێندنی (2025-2026) خولی یەکەم دەستیپێکردووە. نزیکەی 10 ملیۆن خوێندكار لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەشداری ئەم تاقیکردنەوانە دەکەن.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئەمڕۆ یەک شەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، کە پڕۆسەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی خوێندنی (2025-2026) خولی یەکەم لە سەرتاسەری عێراق دەستیپێکردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، نزیکەی 10 ملیۆن خوێندکار لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندن (پۆلە ناکۆتاکان) بەشداری ئەم تاقیکردنەوانە دەبن.
وەزارەتەکە ڕوونی کردەوە، کە تاقیکردنەوەکانی قۆناغی سەرەتایی لە ڕۆژی شەممە دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ یەک شەممە تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ئامادەیی و ناوەندی دەستیپێکردووە.
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پەروەردە بەوەکالەت، جەختی لە تەواوبوونی ئامادەکارییە لۆجستی و تەکنیکییەکان کردەوە بۆ دابینکردنی کەشێکی گونجاو و هێمن بۆ خوێندكاران، هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ هەمووان خواست.
