وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، حاجیانی کوردستان بە فڕۆکە گەشتی سعودیە دەکەن.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان و د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بۆ زیاتر خزمەتکردی حاجیانی کوردستان و گەیاندنیان بۆ وڵاتی عەرەبستانی سعودیە بەکەمترین ماندووبوون و سەلامەتیان، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە، بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی گشتی حەج و عومرەی عێراق، بڕیاردرا حاجیانی کوردستان تا سنووری عەرعەر بەپاس بچن، لەوێشەوە بۆ فرۆکەخانەی جەدە لە وڵاتی عەرەبستانی سعودیە بە فڕۆکە گەشت بکەن.
ڕاشیگەیاند، ئەم بڕیارەش لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری حاجیانی کوردستان و گەاندنیان بەسەلامەتترین ڕێگا بۆ مەککەی پیرۆز.
وتیشی، “هەر لە کوردستانەوە حاجیان جانتاکانیان بەڕێگەی بارهەڵگر دەبرێتە شاری مەککەی پیرۆز و ڕەنگە پێش گەیشتنی خۆشیان جانتاکانیان بگات بە هۆتێل، ئەمەش بۆئەوەیە حاجیان بەوپەڕی ئاسوودەیی گەشتەکەیان ئەنجام بدەن”.
جەختیشی كردەوە، بڕیاریشە ڕۆژی 12ی ئایار یەکەم گەشت بەفرۆکە دەستپێبکات، بەپێی خشتەیەکی ڕۆژانە لەماوەی سێ رۆژ تەواوی حاجیان گەشت دەکەن بۆ وڵاتی سعودیە.
